Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیندار دۆسکی: ئیدی کاتی گوشارخستنە سەر بەغدایە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدار دیندار دۆسکی دەڵێ، سیاسەتی ئێستای بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان کاتکوشتنە، ئیدی لەمەودوا کاتی ئەوەیە کە وڵاتان لەبری ئەوەی داواکارییان لە بەغدا هەبێ، گوشاری بخەنەسەر.

وڵاتانی زلهێز لەو ماوەیەدا هەموویان دەڵێن، پێویستە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکرێ، داوایان لە بەغدایە بە گوێرەی دەستوور کێشەکان چارە بکات، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەییی نیشان داوە، بەڵام بەغدا هیچ هەنگاوێکی کردەنیی نەناوە.

سیاسەتمەدار دیندار دۆسکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "بە ڕای من تاوەکو ھەڵبژاردن دەکرێت سەرۆکوەزیران ھیچ کارێک ناکات بۆ ئەوەی سوود لە ھەڵبژاردنی ھەرێم و بەغداش وەرگرێت، چونکە پێی وایە دژایەتیی کورد لە بەغدا دەنگ دێنێت و لە ھەرێمی کوردستانیش بە ھۆی ئەو قەیرانەی ھەیە خەڵک دەنگ نادات، بۆیە دەیەوێت بەو قەیرانانەوە ھەرێم بچێتە ھەڵبژاردنەکان و جگە لەو مەرجانەی دایناوە بۆ ھەرێمی کوردستان لە کردنەوەی فرۆکەخانەکان و ڕادەستکردنی نەوت و سنوورەکان، ئەمە ھەمووی کاتکوشتنە، چونکە ئەگەر وەکو سەرۆکوەزیران بیری کردبایەتەوە، نابێ بیری لە برسیکردنی خەڵکی کوردستان و سزادانی بکردایەتەوە و ئەمە کاری سەرۆکوەزیران نییە، بەڵام دیارە ھەندێک مەبەستی سیاسیی ھەیە."

دۆسکی گوتی: "ئەگەر چارەی کێشەکان بکات، پێش ھەڵبژاردنەکان کاتی دەبن و بە پێی یاسا و دەستوور کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان چارەسەر ناکات، بۆیە دیارە کە نیازی چارەکردنی کێشەکانی نییە."

لەبارەی ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانەوە، ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتی: "ئەگەر سەرۆکوەزیران بەو شێوەیە بەردەوام بێت پێویستە حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بێدەنگ نەبن و ھەڵوێستیان ھەبێت، بەڵام سەرۆکوەزیران سوودی لەوە وەرگرتووە کە وڵاتان بێدەنگن، بەتایبەت ئەمەریکا، چونکە تا ئێستا ئەوەی ئەو وڵاتانە دەیکەن زیاتر داواکارییە و فشار نییە بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکەن."

دۆسکی دەشڵێ: "پێویستە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لایەنەکان فشارێکی دیپلۆماسی لەسەر عێراق دروست بکەن لە ڕێگەی وڵاتانەوە، بەتایبەت لە یەکێتیی ئەورووپا وەکو وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و وڵاتی ئەمەریکاش بۆ ئەوەی بەغدا بێتە ژێر بار و پێش ھەڵبژاردن لەسەر مێزی گفتوگۆ ئامادە بێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە ناکرێت سەرۆکوەزیران کات بکوژێت لەسەر حیسابی برسیکردنی خەڵکی کوردستان."

سەبارەت بە ھەڵوێستی نێودەوڵەتیش، د. دیندار دۆسکی باسی لەوە کرد: "لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا دەرکەوت عێراق وڵاتێکی دیموکراسی نییە، چونکە داواکاریی ھیچ لایەنێک لە لایەن حکوومەتەوە جێبەجێ نەکراوە و سەرۆکوەزیران دەیەوێت خۆی بەسەر پەرلەمان و ھەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا فەرز بکات، بۆیە پێویستە وڵاتان، بەتایبەت ئەمەریکا فشاری زیاتر بخاتە سەر سەرۆکوەزیران و لایەنەکانی ھەرێمیش یەکھەڵویست بن و پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێم بکەن بۆ ئەوەی بتوانین لە دانوستانەکاندا مافی کورد بەدەست بێت و ھەڵوێستی کورد لاواز نەبێت."

بڵند ئیبراھیم