Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کوردستان و فەڕەنسا بۆ یەکدی گرینگن

دیداری سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. پاریس. ٢ـی دێسەمبەری ٢٠١٧

 

هەولێر-KDP.info-  مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت، فەڕەنسا دەیەوێت گرینگی زیاتر بە كوردستان بدات، چونكە باش لەوە گەییشتووە كە كوردستان هۆكاری سەقامگیریی ناوچەكەیە.

دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدریان، گەییشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و، دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.
سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە كاتێكدایە، كە فەڕەنسا لە ئاستی باڵادا پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی كوردستان كردووە و پێشتریش سەرۆكی فەڕەنسا ڕۆڵی كوردستانی لە ناوچەكە بە گرینگ زانیوە.
د. كاوە شاوڵی، مامۆستای زانكۆ لە فەڕەنسا و شرۆڤەكاری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ كوردستان زۆر گرینگ بوو، چونكە لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم سەردانی وڵاتان بۆ كوردستان كەم بووەتەوە، فەڕەنسایش لە هەموو كات زیاتر سەلماندوویەتی كە هاوڕێی گەلی كوردستانە، بۆیە پشتی كورد بەر نادات."

لە ماوەی شەڕی دژ بە داعشدا، دوو جار سەرۆككۆماری فەڕەنسا هاتووەتە كوردستان، هاتنی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسایش بۆ كوردستان، دەرخەری ئەوەیە كە فەڕەنسا نایەوێت پرسی كورد لە خۆی دوور بخاتەوە و هەمیشە خۆی بە نزیكی کورد زانیوە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، دەڵێ "دیارە فەرەنسا سوپاسگوزاری هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و هەڵوێستی حكوومەتیان بەرز راگرتووە. كوردستانیش پێویستی بە فەڕەنسایە، بە داخەوە بەغدا خەریكە هەڵوێستەكانی بەرەو توندڕۆیی دەڕۆن، بۆیە فەڕەنسا هەستی بە گوتاری بەغدا كردووە و دەزانێت كە هەڵوێستی بەغدا چۆنە، لەبەر ئەوە كاتێك نێچیرڤان بارزانی سەردانی فەڕەنسای كرد، لەوێ سەرۆكی فەڕەنسا گوتی كە دەبێت بەغدا بگەڕێتەوە بۆ واقعی گفتوگۆ".
شاوڵی دەشڵێت، "فەڕەنسا بەلایەوە گرینگە ئابڵۆقەی سەر كوردستان بشكێندرێت و گرفتی هەولێر و بەغدا چارە بكرێت، دەشخوازێت كوردستان ڕۆڵی سەرەكی ببینێت لە ناوچەكەدا، چونكە ئەوان ئەوە لەبیر ناكەن كە كوردستان شەڕێكی سەختی كردووە لەگەڵ داعش و، باش دەزانن كوردستان ڕۆڵی هەبووە لە شەڕی داعش و قارەمانەتیی پێشمەرگە بۆ ئەوان زۆر گرینگە".

كارزان سەباح هەورامی