Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەشدی شەعبی هەڵدەكوتنە سەر ماڵی كوردان لە كەركووك

 

كەركووك-KDP.info-  هێزەكانی حەشدی شەعبی گەڕان و پشكنینی گەڕەك و ماڵە كوردییەكانیان لە كەركووك چڕ كردووەتەوە و، كوردیان لەو شارە هەراسان كردووە.

دیاری حوسێن، جێگری لێپرسراوی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند، "بە بەردەوامی هێزەكانی حەشدی شەعبی ماڵە كوردەكان لە كەركووك دەپشكنن و، بیانوو بە هاووڵاتیانی كورد دەگرن، تاوەكوو ناچاریان بكەن شارەكەیان جێ بهێڵن و ماڵە عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ بكەن."

لە دوای داگیركردنی كەركووك و خورماتوو لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە ڕێبەرایەتیی ئێران و باڵێكی حزبێكی كوردی، هاووڵاتیانی كورد لە ترسی كوشتن و لەناوبردنیان ناوچاكانیان جێ هێشتووە، ئەوانەیشی ماونەتەوە، لەلایەن هێزە داگیركارەكانەوە هەراسان كراون.

دیاری حوسێن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی، "ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی بە ناوی بوونی چەك و چەكدارەوە، ماڵی كوردەكان دەپشكنن كە قسەكانیان هیچ بنەمایەكی نییە و، تەنها بۆ ئەوەیە پاڵەپەستۆ لەسەر كورد لەو شارە دروست بكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا ماڵەكان دەپشكنن و، ئەو ماڵانەی ئاڵتوون و شتی بەنرخیان هەبێت، لێیان دەدزن."

هێڤیار هەڵەبجەیی