Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەولێر بۆ پاریس گرینگە

 

هەولێر-KDP.info-  بە هاتنی ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە فەرەنسا دووپاتی کردەوە، هەولێر بۆ پاریس گرینگە و دەیەوێت ئەم پایتەختە بە بەهێزی بمێنێتەوە.

لو دریان، لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاووتوی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە، هەولێر و بەغدایان کرد.

دکتۆر فرێدریک تیسۆ، کۆنسووڵی پێشووی فەرەنسا لە هەولێر لەمبارەیەوە دەڵێ "ئەم سەردانە زۆر گرینگە، چونکە گشتپرسییەکە و هێرشەکەی سەر کەرکووکم لەبیرە، زۆر ناڕەحەتکەر بوون، ئەوکاتە سەرۆک ماکرۆن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و کوردستان قسەی کرد و داوای لێکردن چارەسەرێک بدۆزنەوە، چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور هەرێمێکی عێراقە و، بە دڵنیاییشەوە دەبێت هەموو سیاسەتمەدارانی عێراق رێز لە دەستوور بگرن".

لە دیتی شارەزایان، ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر دەرخەری ئەوەیە، رۆژئاوا بۆچوونی وایە هەولێر هۆکاری سەقامگیرییە لە عێراق، بۆیە نایانەوێت لە بەرانبەر بەغدا و حەشدی شەعبی، هەولێرێکی لاواز لە ناوچەکەدا هەبێت.

د.عادل باخەوان، مامۆستای زانکۆ دەڵێ "دیپلۆماتکاران و تایبەتمەندان لە کاروباری عێراق پێیان وایە ئەورووپا بە گشتی و فەرەنسا بەتایبەتی، هیچ چارەسەرێکی دیکەیان نییە جگە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی هەولێر لە بەرانبەر بەغدا."
د.عادل باخەوان جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەغدای حەشدی شەعبی و کۆمەڵگەی سوننی هەڵوەشاوە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن زەمانەتی ئاساییش و سەقامگیری بکەن لە عێراق، وەکو ئەوەی کورد دەتوانێت بیکات و بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا بپارێزێت".

ئەمە جاری یەکەم نییە ژان ئیڤ لو دریان سەردانی هەولێر دەکات، تاوەکو ئێستا چەندین جاری دیکە هاتووەتە هەولێر و، لە کاتی شەڕی دژی داعشیش سەردانی هەولێری کردووە و بەرەکانی پێشمەرگەی بەسەر کردووەتەوە.

دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، لو دریان کە بە سەردانێک لە هەولێر بوو، ئەو رایگەیاند، ئەوان هەم لە کاتی شەڕ و هەمیش لە کاتی ئاشتیدا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

هاوکات فەرەنسا و، خودی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە رۆڵێکی گرینگیان لە شکاندنی گەمارۆ دیپلۆماسییەکانی سەر هەولێر بینیوە و یەکەمین دیداری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ بەرپرسانی دەرەوە، لە دوای سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر هەولێر لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) بوو.

لە ڕووداوەوە