Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەلحوێت: واشنتن هێز ڕەوانەی ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكات

 

مووسڵ-KDP.info- گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیێنێ، واشنتن ڕەزامەندیی پێشان داوە هێزی سەربازی ڕەوانەی ناوچە سوننەنشینەكان بكات، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بكەن.

مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت، ‌بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "حكوومەتی ئەمەریكا ڕەزامەندیی لەسەر داواكارییەكی عەرەبی سوننە دەربڕی، كە داوامان كردبوو هێزەكانیان ڕەوانە بكەن بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بكەن لە پارێزگا سوننەنشینەكان و ناوچە كێشەلەسەرەكان، لەگەڵ دەركردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانمان و گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ تەواوی ئەو ناوچانە، چونكە زۆربەی دانیشتووانەكەی كوردن، بۆ ئەوەی شەڕی تایفی ڕوو نەدات ."

ئەلحوێت دەشڵێت‌، "واشنتن بڕیاری دا بە ڕەوانەكردنی هێزێكی سەربازی لەو ماوەیەدا بۆ عێراق و، دواتر لە ناوچە سوننەنشینەكانی ئەنبار و دیالە، سەڵاحەددین و كەركووك، نەینەوا و ناوچە كێشەلەسەرەكان بڵاو دەبنەوە."

بڕیار وایە لە 12ـی مانگی 5ـی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچن، سوننەكانیش هەر زوو بە فەرمی داوایان كرد بە هۆی ئاوارەیی زۆرینەی سوننە و وێرانبوونی ناوچەكانیان، هەڵبژاردنەكان دوا بخرێن، بەڵام ئەو داوایەیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ڕەت كرایەوە .

 

نەشوان بەرزنجی