Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەمەریکا ھێزێکی لە مەخموور جێگیر کرد"

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ھێشتا ڕەوشی قەزای مەخموور وەک خۆیەتی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕێگە نادەن کورد دەسەڵاتی ھەبێت لە نێو شارەکەدا.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی قەزای مەخموور ھەر بەو داگیرکراویەوە بەردەوامە و لە نێو شاردا پۆلیسی فیدڕاڵ و دەوروبەری مەخمووریش میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تێدا جێگیر کراون و ڕێگە نادرێت کورد لە ناوچەکەدا دەسەڵاتی ھەبێت، لایەنە کوردستانییەکانیش بارەگایان کردووتەوە، بەڵام بێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت بارەگایەکی کوردی یەک پاسەوانی بە چەکەوە ھەبێت."

بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخموور دەڵێ: "حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان بەو مەرجە مۆڵەتیان بە کردنەوەی بارەگای حزبە کوردستانیەکان داوە، ئاڵای کوردستان بەرز نەکرێتەوە و بەبێ ئاڵا بگەڕێنەوە، ئەمەش لای ئێمە وەک پارتی جێگەی قبووڵکردن نییە."

بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوو ڕۆژ لەمەو بەر ھێزێکی گەورەی سەربازی بە چەکی قورسەوە لە ھەولێرەوە بەرەو مەخموور جووڵەی پێ کراوە. لەم بارەیەوە کرمانج عەبدوڵڵا گوتی: "ئەو ھێزە کە بە چەکی قورسەوە بەرەو مەخموور چوونە، ھێزی ئەمریکی بوونە و بە نێو مەخمووردا تێپەڕیون، بەڵام ئێمە ھەر ئەوەندە زانیاریمان پێ گەیشتووە ھێزەکە ئەمریکایی بووە و لە سەنتەری قەزای مەخموور جێگر نەبوونە، ناشزانین مەبەست لەو ھێزە چییە و ئەمەریکا بە نیازی چییە لە سنوورەکەدا."

قائید میرۆ