Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ بەردی بناغەی نەخۆشانەیەكی تایبەت بە ھێزی پێشمەرگە دادەنرێت

 

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە ھەرێمی كوردستانە و، بڕیارە ئەمڕۆیش بە ئامادەبوونی ئەو، بەردی بناغەی نەخۆشانەیەكی تایبەت بە ھێزی پێشمەرگە دابنرێت، كە لەسەر ئەركی ئەڵمانیا دروست دەكرێت.

پێشتر دوو جار وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ھەوڵی داوە سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات، بەڵام حكوومەتی عێراق بە بیانووی ئەوەی گەمارۆی دیپلۆماسیی خستووەتە سەر ھەرێمی كوردستان، رێگەی پێ نەدەدا، بەڵام ئەمجارەیان مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات و دوێنێیش سەردانی عێراقی كرد و بە بێ ئەوەی لە عێراق بمێنێتەوە، شەوی رابردوو سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد، چونكە ئەڵمانیا ھێزی لە ھەرێمی كوردستان ھەیە و مەشق وڕاھێنان بە ھێزی پێشمەرگە دەكەن، جگە لەوەیش ئەڵمانیا لە شەڕی داعشدا ھاوكارییەكی باشی ھێزی پێشمەرگەی كردووە، بە تایبەت لە دابینكردنی چەكی جۆری میلان كە كاریگەرییەكی زۆری لە شەڕەكاندا ھەبووە.

لەو بارەیەوە، جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە لیوا سالار جەباری، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردووە و، بڕیارە ئەمڕۆیش لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ ھەرێم، ھێزەكانی خۆیان و پێشمەرگەیش بەسەر بكاتەوە .

جەباری گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ بڕیارە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە ھێزی پێشمەرگە بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بەردی بناغەی بۆ دابنرێت، كە لەسەر ئەركی ئەڵمانیا دروست دەكرێت، بەڵام ئامادە نەبوو وردەكارییەكان باس بكات و گوتی، "دواتر كە بەردی بناغەی بۆ دانرا، ئەو كات تەواویی وردەكاریی دروست كردنی نەخۆشخانەكە ئاشكرا دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم