Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریکا چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی عه‌بادییه‌.. پڕۆژه‌ی بۆ كه‌ركووك هه‌یه‌

 

کەرکووک-KDP.info-  ئەمەریکا پێشنیازێکی داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ژووری هاوبەش لە کەرکووک و خانەقین و خورماتوو دروست بکرێ و، پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا ئیدارەی بدەن. توێژەرێکی ناوداری ئەمەریکاییش دەڵێ، ئەمەریکا دەیەوێ هەولێر و بەغدا و واشنتن، تا جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ئیدارەی کەرکووک بدەن. بەڵام لە دیتی سیاسەتمەدارێکی کوردەوە باشترین ڕێچارە ئەوەیە، کە کورد و عەرەب و تورکمان ئیدارەی هاوبەش دروست بکەن و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێ.

ئەمەریکا چاوی خستووەتەوە سەر کەرکووک
لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، کە عێراق بە هاوکاریی میلیشیاکانی دەستی بەسەر کەرکووکدا گرت، ئێستا جارێکی دیکە ئەمەریکا دەیەوێ پێناسەیەکی دیکە بداتەوە بە کەرکووک و دەڵێ، بە گوێرەی دەستووری عێراق ناوچەی جێناکۆکە، بەڵام ئەمجارە دەنگێک لە ئەمەریکا تا دێت بڵندتر دەبێ و دەڵێن، با ئیدارەیەکی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا و واشنتن دروست بکرێ، تا بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ ڕەوشەکە یەکلا دەکرێتەوە، ئەو ئیدارەیە لە ڕووی ئەمنییەوە کەرکووک بەڕێوە ببات.

لە نوێترین پێشنیازی ئەمەریکا بۆ حەیدەر عەبادی ئاماژه‌ دراوه‌، کە دەبێ کەرکووک ئیدارەیەکی هاوبەشى هه‌بێ له‌ نێوان هەولێر و بەغدا و واشنتندا، هەروەها ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لەخۆ بگرێ. ئەم پێشنیازە دوای ڕووداوەکانی سووریا دێ، کە ئەمەریکا دەیەوێ عێراق هەمان چارەنووسی سووریای نەبێ، بۆیە ئەمەریکا بە جیددی کەوتووەتە جووڵە و دەیەوێ بە زوویی باوەڕ بە سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بێنێ، تا بێتە ژێر ئەو داوایەی ئەمەریکا.

مایکل نایتس، توێژەری سیاسیی ئەمەریکایی، کە پێوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە پەیمانگای واشنتن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک کار دەکات، دەڵێ: لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا پێشنیازی کردووە کە دەبێ لە کەرکووک ئیدارەیەکی هاوبەش دروست بکرێ لە نێوان هەولێر و بەغدا و واشنتندا و، ڕێککەوتنێک بکرێ بۆ ئەوەی ناوچەکە ئیدارەیەکی هاوبەش و سەقامگیری هەبێ.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ٤١ کورسیی هەیە، لەو ژمارەیە ٢٦ کورسی هیی کوردە و، تا ئێستا ئەنجوومەنەکە شەرعیەتی خۆی هەیە، بەڵام به‌ هۆی ڕووداو و هێرشی سوپای عێراق و میلیشیاكانییه‌وه‌، ئێستا کەرکووک شارێکی داگیرکراوە.

مایکل نایتس باوەڕی وایە، کە دۆخی ئێستای کەرکووک جودایە لە ڕۆژانێک کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە عێراقدا بوون، پێویستە کەرکووک لەژێر چاودێریی سەربازانی نێودەوڵەتیدا بێت و ئیدارەیەکی هاوبەش دروست بکرێ و، دەبێ ئیدارەیەکی ئەمنییشی هەبێ، دەبێ نوێنەرایەتیی یۆنامیش لە ئاستێکی باڵادا لە کەرکووک هەبێت.

هەولێر، بەغدا و واشنتن
رێبوار تەها، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "ئەمەریکا پێشنیازی داوەتە عەبادی، کە دەبێ سێ ژووری هاوبەش دروست بکرێن، هەولێر و بەغدا و واشنتن ئیدارەی بدەن، ئەو سێ ژوورە هاوبەشەیش، لە کەرکووک و خورماتوو و خانەقین بن."

رێبوار تەها زیاتر لەبارەی ژوورەکانەوە زانیاریی دا، به‌وه‌ی کە ئێستا باوەڕێک دروست بووە کە "سێ ژوورى هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر و واشنتندا دروست دەکرێن، واتا عەمەلیاتى هاوبەش کە لە کەرکووک، خانەقین و خورماتوو دادەنرێن، بە هاوبەشى لە نێوان حکوومەتى عێراق، حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئەمەریکا بەڕێوە دەبرێن''، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ ''بە دڵنیاییەوە ئەم پڕۆژەیە سوودى بۆ کورد دەبێت و نوێنەرى حکوومەتى هەرێمیش، لەو ژوورە هاوبەشەدا بەشدار دەبێت."

ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کەرکووک نییە، ئەمەیش بە گوێرەی دەستووری عێراق خەرقێکی دەستوورییە، چونکە ناکرێ عێراق ئەو شوێنە بە تاکلایەنە بەڕێوە ببات، بەبێ پێشمەرگەیش ئه‌ستەمە بتواندرێت سەقامگیریی کەرکووک جێگیر بێت.
ڕێبوار تەها لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: "ناکرێت ئیدارەى کەرکووک تەنیا لە لایەن حکوومەتى ئیتحادییەوە بەڕێوە بچێت، ئیدارەى ئەمنى و سەربازیى تاکلایانه، له بەرژەوەندیى خەڵکەکە نابێت؛ سوپاى عێراق، یان پۆلیسى ئیتیحادى ناتوانێ ئەمنیەتى ئەو ناوچانە بپارێزێ، ئەگەر هێزی پێشمەرگەى کوردستانى لەگەڵدا نەبێت، چونکە هێزى پێشمەرگە لە ماوەکانى ڕابردوودا ئەوەیان سەلماند، کە توانییان خەڵکى ئەو ناوچانە بپارێزن و هیچ جیاوازییه‌كیش لە نێوان پێکهاتەکاندا نه‌كه‌ن."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، ئەمەریکا ئەم پڕۆژەیەی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیاز کردووە و ئێستا چاوەڕوانی وەڵامە، ''ئێستا باشترین دەرفەتە کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەقامگیر ببنەوە، چونکە چەند مافى ئیدارى سەربازى ئەمنیى حکوومەتى عێراق بێت، ئەوەندەش مافى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە لە ڕووى ئەمنى و سەربازییەوە ئیدارەى ئەو ناوچانە بکات."

بژاردەیەکی دیکە
ئەم پڕۆژەیە لە دیتی سیاسەتمەداری کورد، د. مەحموود عوسمانه‌وه‌ جۆرێکی ترە و دەڵێ، ''باوەڕم بە ئەمەریکا نییە و هیچ کێشەیەکی پێ چارە ناکرێ.''
مەحموود عوسمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "بە باوەڕی من ئەو پڕۆژەیەی ئەمەریکا سوودی بۆ کورد نابێ، چونکە دۆخى کەرکووک بۆ کورد خراپە. پێویستە کەرکووک بەپێی ماددەى ١٤٠ی دەستوور، بە ئیدارەى هاوبەش لە نێوان کورد، عەرەب و تورکمان لە ناو شارى کەرکووک بەڕێوە ببرێت."

د. مەحموود عوسمان كه‌ پێشتر نوێنه‌ری كورد بووه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌مێكه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و باوەڕی، کە ئەمەریکا پشتی لە کورد کردووە و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری پار و دۆخی ئێستای عەفرین وه‌ك دوو نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ دێنێته‌ به‌ر باس و ده‌ڵێ، ئەمەریکا لەو دوو شوێنەدا ڕۆڵی خۆی جێبەجێ نەکردووە.

له‌ پاش ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌، کورد ده‌یه‌وێ چ بكات و كه‌ركووك چۆن به‌ڕێوه‌ ببرێ، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، د.محەممەد خورشید دەڵێ: "هەمووان کار بۆ ئەوە دەکەین کە کەرکووک بگەڕێتەوە دۆخی ئاساییی خۆی، چونکە ئێستا کەرکووک ئیدارەیەکی عورفییە و دەستەڵات بە دەستی هێزی چەکدارەوەیە، کەرکووک داگیر کراوە و ئەو دۆخەش تاسەر نابێت."

پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی لە کەرکووک کردووە و ئەمەش لە دیتی د. محەممەد خورشیدەوە، بۆ ئەوە بووە کە شەرعیەت نەدەنە داگیرکاری.
ئەو، بە باشی دەزانێ کە لایەنە سیاسییەکانی دیکەش چاو لە پارتی بکەن و بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، تا شەرعیەت بە داگیرکاری نەدرێت.

رۆژى ١٦ى ئۆکتۆبەرى پار، دواى ئەوەى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق هێرشیان کردە سەر شارى کەرکووک بە سەدان خێزانى کورد ئاوارەى شارەکانى ترى هەرێمى کوردستان بوون.

ئیسماعیل محەممەد، کە هاووڵاتییەکى شارى کەرکووکە و دواى ١٦ى ئۆکتۆبەر ئاوارەى پارێزگاى هەولێر بووە، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "هۆکارى نەگەڕانەوەمان بۆ کەرکووک، لەبەر باری ئەمنییە، ئاخر ترسمان هەیە بگەڕێینەوە کەرکووک"، ئەو دەشڵێ "کەی پێشمەرگە گەڕایەوە کەرکووک، ئەوکاتە ئێمەیش ده‌گەڕێینەوە."

بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی دانیشتوانی کەرکووک ٨٤٨٫٠٠٠ کەس بووە، دانیشتوانى ئێستایشی نزیکەى ١,٣٠٠,٠٠٠ هەزار کەس دەبن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بە هۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە کەرکووکیان جێ هێشتووە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. پارێزگاى کەرکووک چوار قەزا و ١٠ ناحیەى هەیه، قەزاى حەویجە پێک هاتووە له چوار ناحیه، قەزاى دوبز دوو ناحیەى هەیه، قەزاى داقووقیش له یەک ناحیە پێک هاتووە و ناحیەکانى لەیلان، قەرەهەنجیر و ڕێدار سەر بە قەزاى مەرکەزن.

هەڵکەوت محەممەد