Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جووڵاندنی ھێزێکی پێشمەرگە بەرەو کەرکووک، ڕه‌ت كرایه‌وه‌

 

هەولێر-KDP.info-  ماوەی دوو ڕۆژە لە ھەندێ دەزگەی ڕاگەیاندنی نێوخۆیی و عەرەبی باس لە جووڵاندنی ھێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکووک دەکرێت، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەش ڕەتی کردەوە ھیچ جووڵەیەکی ھێز ھەبێت بەرەو کەرکووک و دەشڵێ، تەنیا ھێزەکانمان ئاڵوگۆڕ کردووە.

 

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکووک جووڵەی پێ کراوە و لەسەر ئەو ھەنگاوەی پێشمەرگە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگادار کراوەتەوە، تا جووڵەی پێشمەرگە بەرەو کەرکووک بوەستێندرێت."

 

لەبەرامبەر ھەموو ئەو دەنگویانەی دوو ڕۆژە لەبارەی ھێزی پێشمەرگە لە کەرکووک دەکرێت، لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکئەرکانی ھێزەکانی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو ئەو زانیارییانەی باس لە دەستپێکردنی جموجووڵی ھێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکووک دەکەن، دوورن لە ڕاستیەوە، ئێمەش ئەوەمان بیستووە لە ھەندێ دەزگای ڕاگەیاندن بڵاو کراوەتەوە، گوایە پێشمەرگە لە دەوروبەری کەرکووک جووڵەی پێ کراوە، ئەمەش لە ڕاستیەوە دوورە و ھیچ جۆرە ھێزێکی پێشمەرگە بە مەبەستی ھێرشکردن و پێشڕەوی بەرەو کەرکووک نەجووڵێندراوە."

 

لەبارەی ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە لە نزیک کەرکووک، لیوا قارمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە ھێزی پێشمەرگەمان ھەن نزیکن لە شاری کەرکووک، لەوانەیە زۆر جار گۆڕانکاری لەو ھێزانەدا بکرێت و ئاڵۆگۆڕی ھێز ھەیە، كه‌ ڕه‌نگه‌ خەڵکێک بە جووڵاندنی ھێز تێگەیشتبێ."

 

قائید میرۆ