Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دۆخی سەخت و کەلی ڕوون

سەرۆ قادر

کەمێک سەرنجدان بە دۆخی پەیوەندی و دەرگیریی نێوان کورد و داگیرکەرەکانی، دەردەکەوێ کە لە هیچ قۆناغێکی مێژووی سەد و پەنجا ساڵی ڕابردومان هێندەی ئێستا کوردستان لە مەیدانی تێکۆشان و بەشداریکردنی گۆڕانکارییەکان کاریگەر و چالاک نەبووە.
لە باشووری کوردستان حکوومەتێک هەیە کە زیاتر لە دەوڵەتێکی ئەمری واقیع دەچێ، بەشدارێکی کاریگەر بوو لە ڕووخاندنی حکوومەتی بەعس، پێشەنگ بوو لە لەناوبردنی داعش، پەیوەندیێکی ئاسایی لەگەڵ پارچەکانی تر هەیە. هەڵبەت بە ناو تورکیادا پێشمەرگەی ناردە هانای کۆبانێ.
کوردی رۆژاڤا بەشدار بوو لە پاشەکشەپێکردنی حکوومەتی سووریا لەسەر خاکی کوردستان، بەشدارێکی کاریگەر بوو لە قەڵاچۆکردنی داعش. حکوومەتێکی نیشتمانی بۆ خۆی دروست کردووە.
کوردی باکوور بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ تورکیا، سەرەنجام بە هەشتا ئەندامی پەرلەمانەوە بووە دووەمین حزبی دەستڕۆیشتوی تورکیا. لە هەمان کات شار بە شار لە جەنگێکی خوێناویدا لە بەرامبەر تورکیا دیفاعی لە خۆی کرد.
کوردی رۆژهەڵات هەمیشە سەری یەکەم بوون لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران.
جیهانی پێشکەتوو، کورد بە هۆکارێکی کاریگەر بۆ پارسەنگی ئاشتیانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئایندە دەزانێ. تا ئێستایش کورد بە تەرەفێکی هاوپەیمانی خۆیان دەزانن.
هەر لەم کاتەدا عێراقی نوێ دژی کوردستان شەڕ دەکات، ئێران لەناو عێراق سەرکردایەتیی لێدانی کوردستانی کرد. تورکیا لەو شەڕەدا هیچ قسوری لە هاوکاریکردنی عێڕاق نەکرد. تورکیا لە ناو کوردستانی رۆژاڤا شەڕی دژی کورد دەکات. ئەورووپا و ئەمریکا لەگەڵ چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکە بۆ لێدانی کوردان هەماهەنگی دەکەن، لە هەمان کات بۆ مانەوەی کوردانیش هاوکاری دەکەن.
لە تەنگانەدا کوردی هەموو پارچەکان بە هانای یەکتر دەچن، هەستی هاونیشتمانی، هەموو کوردستانی داگرتووە، جیهانیان بە عەتفەوە لەم دۆخەی کورد دەڕوانن. لۆبییە کاریگەرەکان بۆ ڕزگاریی کوردیش لەگەڕدان. کەواتە کورد پارسەنگێکە پشتگوێ ناخرێ. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزانە نیشانەی ئاڵۆزیی بەرژەوەندییەکانن. پێویستە لە هەڵسوڕاندنی دۆخەکە بۆ لای بەرژەوەندیی خۆمان زاناتر و شارەزاتر بین. چونکە لە کۆتایی شەڕەکەدا کورد بەهێزەوە دەمێنێتەوە و دنیای هێز ناچارە مامەڵەی لەگەڵ بکات و بوون و سەربەخۆیی لە بەرچاو بگرێ.
ئەم دۆخە نیشاندەری قووەتی کوردانە بۆیە سەرکەوتن و سەربەخۆیی، حەتمیە.
غەیری ئەم ڕوانگایە، نابێ هیچ نائومێدییەک بە خۆمان وەربکەین.
دۆخەکە سەختە، چوار دەوڵەتەکە قۆڵیان لێمان هەڵماڵیوە، بەڵام زۆر لاوازن و هیچ ئایندیان نییە. کورد زۆر لەسەر هەقن، باڵیان بۆ پێکهاتەکان کراوەیە، ڕوانگایان مەدەنییە، بۆیە داهاتوویان ڕوونە، ئەویش سەربەخۆییە.