Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێڤرۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

 

هەولێر-KDP.info- گەورەکۆمپانیای بواری نه‌وت شێڤرۆن، بڕیاری دا بگەڕێتەوە و دەست بە کارەکانی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. گوتەبێژی کۆمپانیاکە بە فەرمیی ڕایگەیاند، کە بەو نزیکانە دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.


گەورەکۆمپانیای بواری نەوت، شێڤرۆن گرووپ، ئەمڕۆ بە فەرمی ڕایگەیاند، کە دەگەڕێنەوە بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەری خۆیان دەنێرن بۆ بەدواداگەڕانی نەوت و گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستاندا.

کۆمپانیای شێڤرۆن گرووپ، کە کۆمپانیایەکی ئەمەریکاییە و بارەگاکەی لە شاری سان ڕامۆنی کالیفۆرنیایە و لە ١٨٠ وڵاتی جیهاندا کاری وەبەرهێنان دەکات. مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە کاتی هێرشی هێزەکانی عێراق بۆ سەر کەرکووک کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت، ئێستا کۆمپانیاکە دەڵێ، دەست دەکەنەوە بە کارەکانیان و دەگەڕێنەوە.

بە گوێرەی ڕیپۆرتێکی فۆکس بزنس نێتوۆرک، گوتەبێژی کۆمپانیای شێڤرۆن گرووپ ڕایگەیاندووە، بەم نزیکانە کۆمپانیاکەیان دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

پێگەکە نووسیویەتی، لە دوای ڕیفراندۆمەوە یەکەم جارە کە لەم حەفتەیەدا شاندێکی بەغدا بە فەرمی بێنە هەولێر و دیالۆگ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەیش وەک کاریگەری نیشان داوە کە کۆمپانیای شێڤرۆن بگەڕێتەوە بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا و بارگرژیی نێوان هەولێر و بەغدا کەم بووەتەوە.

گوتەبێژەکەی کۆمپانیاکە دەڵێ، هەموو ڕێکارێکی پێویست گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی کار لەو شوێنانە بکەین، کە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری ڕێک کەوتووین.

بە گوێرەی فۆکس بزنس نێتوۆرک، کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هەیە کە لەو شوێنانە کاری بەدواداگەڕانی نەوت و گاز بکات، کە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە ئەو شوێنانە بە جێگیری لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان.

بە گوێرەی پێگەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا هیچ کۆمێنێتێکی لەسەر گەڕانەوەی شێڤرۆن نەداوە و گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقیش بێئاگاییی لە گەڕانەوەی شێڤرۆن گرووپ بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، کە ئەو زانیاریی لەو بابەتەوە لەبەردەست نییە.

پێگەکە ئەوەیشی نووسیوە، کە لەگەڵ ئەوەی بەغدا ڕەزامەندیی نەبووە، بەڵام هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە هەیە، لەوانە شێڤرۆن گرووپ، ئێکسۆن مۆبیل، ڕۆزنەفت و چەندانی دیکە.

کۆمپانیاکە لە کێڵگەکانی سارتا و قەرەداخ لە هەرێمی کوردستان پشکی هەیە.

شاو