Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندی تەندروستی و پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەچنەوە بەغدا

 

ھەولێر-KDP.info-  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو جار لیستی مووچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی ڕەوانەی بەغدا کردووە، گوایە حکوومەتی بەغدا مووچەی ئەم دوو وەزارەتە دەنێرێت، بەڵام تا ئێستا ھیچی نەکردووە، بۆ جاری سێیەمیش داوای کردووە شاندەکەی هەرێم بچنەوە بەغدا.

دوای چەندین جار سەرۆکوەزیرانی عێڕاق داوای لیستی مووچەخۆرانی دوان لە وەزارەتەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد،  گوایە مووچە بۆ وەزارەتی (پەروەردوە و تەندروستی) دەنێرێت، بەڵام بە بیانووی بچووک بچووک، هێشتا ئەنجامی نەبووە. شاندی ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو وەزارەتەکە دوو جار سەردانی بەغدایان کرد بۆ ھەمان مەبەست. ئێستاکە سەرۆکوەزیرانی عێڕاق داوای لە ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە شاندەکەی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم سەردانی بەغدا بکەن.
یووسف سورچی بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی پەروەدە و فێرکردنی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار وایە سبەینێ چوارشەممە، بۆ جاری سێیەم سەردانی بەغدا بکەین، ئەمجارە بەغدا خۆی داوای کردووە سەردانیان بکەین، ڕاستییەکەی لە ئیستادا بەرچاومان ڕوون نییە و نازانین بۆچی مەبەستێکە، دوای سەردانەکەمان ئەنجامی سەردانەکەمان بە ئاشکرا دەکەین."

ئەو شاندەی بڕیار وایە سبەینێ و بۆ جاری سێیەم سەردانی بەغدا بکات، پێک ھاتووە لە ئەندامانی وەزارەتەکانی پەروەردە و فێرکردن، تەندروستی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلان دانان.
لەسەر داوای حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەک بۆ وردبینکردن لە لیستی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قاسم عینایەت فەرز، بریکاری وەزارەتی پلادانانی عێراق پێک‌ھاتووە کە شەش کەس تێیدا ئەندامن، نوێنەری وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستیی ھەرێمی کوردستانیش لە یەکەم کۆبوونەوەیاندا کە وربینیکردن لە لیستی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەت، دوو بەڕێوەبەری گشتی بوون.

فایزە کۆیی