Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەت و سەرکردایەتیی یەکگرتوو پەرۆشییان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی هەرێم دووپات کردەوە

هەولێر-KDP.info-  حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتووی ئیسلامی، په‌رۆشیی خۆیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان دوووپات كرده‌وه‌ وهه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ تا بارودۆخه‌كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر به‌رن.    

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ١٥/١/٢٠١٨ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی  قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، له‌گه‌ڵ شاندی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی یه‌كگرتوو كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاداشتنامه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرا كه‌ پێشتر پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرابوو و خرایه‌ به‌ر گفتوگۆ و گرنگیی خاڵه‌كانی نێو یاداشتنامه‌كه‌ دووپات‌ كرایه‌وه.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كرا‌ وه‌ك حكوومه‌ت و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی به‌شدارن له‌ كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، په‌رۆشیی ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخ و نه‌هێشتنی ئه‌و قه‌یرانانەن كه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌ و له‌مباریه‌وه‌ هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ تا بارودۆخه‌كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر به‌رن. هه‌ردوولا بڕیاریان دا به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئامانجی هاوبه‌ش،‌ كۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ به‌رده‌وام بن.