Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانی کوردستان لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی خورماتوو دەست پێ دەکات

هەولێر-KDP.info- لیژنەی کاتیی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکانی شارۆچکەی خورماتوو، سبەی دەست بە کارەکانی خۆی دەکات. ئەمە لیژنە تایبەتەکەی پەرلەمانی کوردستانە و لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە.

دوای ئەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەشکرکێشیان بۆ سەر کوردستان کرد، بە دەیان هەزار خێزانی کورد لە کەرکووک و دەوروبەری ئاوارە بوون. لە شارۆچکەی خورماتوو جیا لە ئاوارەبوونی کوردان، بەدەیان هاووڵاتیی کورد شەهید بوون و سەدان خانووش ڕووخێندراون و سووتێندران.

پەرلەمانی کوردستان بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕوودانە دا و هەر لایەنێک ئەندامێکی تێدا هەیە.

شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە بەو هۆیەی تا ئێستا بە فەرمی فەرمانی کارکردنیان لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بۆ دەرنەچووە، بۆیە کارەکانیان دەست پێ نەکردووە.

ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە یەکەم هەنگاوماندا سبەی (سێشەممە) لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبینەوە."

لە پەرلەمانی عێراقیش بە هەمان شێوە بڕیار لە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو ڕووداوانە درا کە لە نۆ ئەندام (سێ کورد، سێ شیعە و سێ سوننە) پێک هاتووە.

ئەو لیژنەیەش چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە بۆ ئەوەی دەست بە کارەکانی بکات.

نەدا مێرگەسووری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێ لیژنەکە لە کاتی "گونجاودا" دەست بە کارەکانی دەکات.

ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "دەبوایە ئەو لیژنەیە زووتر دەستی بە کارەکانی کردبا، بەڵام چونکە تا ئێستاش پرۆژەیاساکانی بوودجەی گشتیی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ، کاری ئەو لیژنەیەش دوا کەوتووە."

پێشتر دوو جار لیژنەیەکی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی خورماتووی کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە بکات، بەڵام کوردانی ئەو شارۆچکەیە ئاشکرایان کردووە ئەو لیژنەیە تەنانەت سەردانی گەڕەکە کوردنشینەکانی نەکردووە.

کاوە جەم