Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کەریم شنگالی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی بەغدا سەرکەوتوو بوو

هەولێر-KDP.info-  وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوانیان لەگەڵ شاندی بەغدا سەرکەوتوو بووە و بڕیاری باش دراون.

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق سەردانی هەولێریان کرد. شاندەکە لەسەر کۆمەڵێک پرسی وەک دەروازەی سنووری و فڕۆکەخانەکان و کۆمەڵێک بواری دیکە لەگەڵ شاندی هەولێر کۆ بوونەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەریم شنگالی، بە مێدیاکانی گوت: ''کۆبوونەوەکە سەرکەوتوو بوو و بڕیاری باش دران.''

لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ''لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا پێشکەوتنی باش هەبوو، چەند خاڵێکی کەم ماون، ڕێککەوتنیان لەبارەوە بکرێ.''

کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی شاندی بەغدا بریتی بووە لە بوارەکانی ئاساییش و سنوور، فڕۆکەخانەکان، گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و بەنداوەکان و نەوت.

کەریم شنگالی لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی دیاری نەکرد و لەسەر ئەم پرسە وەڵامی مێدیاکارانی نەدایەوە، بەڵام مەولود باوەموراد گوتی، لێکتێگەیشتنی زۆر هەیە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا هیچ وادەیەک بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دیاری نەکرا.