Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کونسووڵی فەرەنسا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ داخوازییە دەستوورییەکانی هەرێم دووپات کردەوە

هەولێر-KDP.info- كونسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ داخوازییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی كۆنسووڵخانی گشتیی فەرەنسایان كرد و لە لایەن دۆمینك ماس پیشوازی كران.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی و شاندی یاوەری سەردانی كونسووڵخانەی گشتیی فەرەنسایان لە هەرێمی كوردستان كرد و لە لایەن دۆمینك ماس، كۆنسووڵی گشتییەوە پیشوازی كران.

لەو دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندییەكان سوپاسی سەركردایەتیی پارتی و خەڵكی هەرێمی كوردستانی بە گەل و حكوومەتی فەرەنسا گەیاند لە ڕێگای بەڕێز ماس، كۆنسووڵی گشتییەوە، كە لە قوناغە سەختەكاندا هاوكاری هەرێمی كورستان بووە و پاڵپشتی ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستان بووە, بەڕێز سیوەیلی باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بەغدا و لە هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ پێكهێنانی لیستێكی كوردستانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی بیریان لەسەر بەرژەوەندیی حیزبی زیاتر بووە لە بەرژەوەندییە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لەسەر بنەمای هەڵە لێكدانەوە و پەیوەندیی نیوان پارتە سیاسییەكان و ڕووداوەكانی چەند مانگی ڕابردوو. لەو دیدارەدا بە وردی گفتوگۆ لەسەر سیناریۆكانی پێش هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرا, پەرلەمان و پارتە سیاسییەكانی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەركێكی قورسیان لە ئەستۆیە، كە دەبێ گفتوگۆی لەبارەوە بكەن و بگەنە ئەنجام لە چەند ساڵی داهاتوودا بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە گرژیی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان. دەربارەی هەڵبژرادنەكانی هەرێمی كوردستان, سیوەیلی ئەوەی ڕاگەیاند، بۆ لێكنزیكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەو باوەڕەدایە، باشترین چارەسەر هەڵبژاردنە و نەك تەنها چارەسەری زۆر گرفت دەكات لە هەرێمی كوردستان بەڵكو دەتواندرێت كە حكوومەتێكی بەهێز پێك بهێندرێت بۆ دانوستان و ڕێكکەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر هەموو كێشەكانی نێوان هەردوو لا.

دۆمینك ماس، سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هەڵوێستی حكوومەتی فەرەنسای دووبارە خستەوە ڕوو كە داوا لە هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ دەكات، جیاوازییەكانیان لە چوارچێوەی دەستووردا و بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و دوور بكەونەوە لە بەكارهێنانی هێز.  ماس پشتیوانی  وڵاتەكەی بۆ داخوازییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و لێكنزیككردنەوەی بەغدا و هەولێر لەسەر مێزی گفتوگۆ, چونكە ئەوە تەنیا ڕێگایە بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و كوتاییهێنان بە گرژییەكان.