Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای پاپا، گۆڕانکاریی ئیدارەدانی دەشتی نەینەوای لێ دەکەوێتەوە

 

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە گرینگیی سەردان و کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیکان دەکات و دەڵێ: "گۆڕانکاریی ئیداری لە دەشتی نەینەوادا دەکرێت."

رۆژی هەینی ١٢-١-٢٠١٨ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، بە فەرمی لە لایەن قەداسەتی پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازی لێ کرا و، لە ئامێزگرتنی مەسیحییەکانی عێراق لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بەرز نرخێندرا.

خالید ئەلبێر لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەردانەکەی جەنابی سەرۆکی حکوومەت، لە ئێستا کە بارودۆخی هەرێم بە قەیرانێکی قووڵدا تێدەپەڕێت، بایەخی زۆری هەیە، کە لە نزیکەوە، سوپاسی کردووە، کە حکوومەتی هەرێم پێشوازی لە ئاوارەکان کردووە، بە تایبەت کریستیانەکان، کە ئازادانە لە هەرێمدا مومارەسەی ئەرکە ئایینەکانیان دەکەن".

ڤاتیکان لە ڕێی باڵیۆزی خۆیانەوە ئاگاداری رووداوەکانی هەرێم و بەغدان، هاوکات لە رووی سیاسییەوە  کاریگەری لەسەر وڵاتانی جیهان هەیە، لە دوای هاتنی داعش، ئێستایش بوونی حەشدی شەعبی بوونەتە مەترسی بەسەر دەشتی نەینەواوە، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی مەسیحین، نوێنەری مەسیحییەکان لەوبارەوە دەڵێ: "راپۆرتێکمان لەسەر ئەو زوڵمانەی کە ئەمڕۆکە حەشد لەر مەسیحییەکانی دەکات، داوەتە سەرۆکی حکوومەت، ئەویش رادەستی قەداسەتی پاپای ڤاتیکانی بکات، هەربۆیەشە لە دوای ئەو سەردانەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەسمان کەوتووە، گۆڕانکاری لە شێوازی ئیدارەدانی دەشتی نەینەوا دەکرێت."

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی ناوەند لە رووی ئابووری و سیاسییەوە ئابڵۆقەی هەرێمی دا، بەڵام سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە رووی دیپلۆماسییەوە، توانی ئابڵۆقە سیاسییەکە بشکێنێت، ئەلبێر لەوبارەوە گوتی: "ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، پێشوازیکردنی ڤاتیکان لە جەنابی سەرۆکی حکوومەت، بایەخدانە بە هەرێمی کوردستان لە رووی دیپلۆماسییەوە."

خێڵان بەختیار