Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریکا ١٢٠ ڕۆژی بۆ ئێران دیاری کرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، ١٢٠ ڕۆژی دیکەی بۆ ئێران دیاری کرد، کە ئەگەر بێت و ئێران دەست لە چەکی ئەتۆمی هەڵنەگرێ، ئەوا دەبێ چاوەڕێی سزای زۆر توند بێت.

وڵاتانی جیهان و ئێران چاوەڕێی ڕاگەیاندراوی کۆشکی سپی بوون، بەتایبەت دەربارەی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا، سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی ساڵی ٢٠١٥ پەیوەست بە چەکی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتە کراوە، هەڵوێستی سەرۆک چی دەبێ.

دوێنێ سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی بڕیاری پابەندبوونی ئەمەریکای بە ڕێککەوتنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کردەوە، ئەمەیش بۆ ئەوە بوو کە وڵاتە ئەوروپاییەکان لەو ١٢٠ ڕۆژەدا گوشار بخەنە سەر ئێران، تا ئەو وڵاتە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیوم بێت.

ساڵی ٢٠١٥ هەریەک لە وڵاتانی ڕووسیا، چین، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمەریکا لە شاری لۆزانی سویسرا لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن، کە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بۆ بواری ئاشتی بخرێتە گەڕ و بەو هۆیەشەوە سەرجەم گەمارۆ سەپێندراوەکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن.

دۆناڵد ترامپ ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، خراپترین ڕێککەوتن کە لە مێژووی ئەمەریکادا کرابێ، ئەو ڕێککەوتنەیە کە ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ ئێرانی کردووە، بۆیە ئەو بەڵێنی دایە ئەمەریکاییەکان کە لەو ڕێککەوتنە دەکشێتەوە.

دوێنێ بە فەرمی دۆناڵد ترامپ ١٢٠ ڕۆژی دیکەی وەک پابەندبوون بەو ڕێککەوتنەوە بۆ ئێران و وڵاتانی دیکەی پێوەست بە ڕێککەوتنەکە دیاری کرد، تا بتوانرێ لەو ١٢٠ ڕۆژەدا ڕێگری بکرێ لە گەشەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران.

لە هەمانکاتدا دۆناڵد ترامپ سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند و وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر ١٤ کاربەدەست و دەزگای پێوەندیدار بە ئێراندا سەپاند، کە  سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران و بەڕێوەبەری بەندیخانەی ڕەجائی شەهر،  لە نێو ئەو سزادراوانەدا بوون.

سیناتۆرەکانی ئەمەریکا سەبارەت بەو هەڵوێستەی ئەمەریکا کاردانەوەیان هەبوو، لەوانە تید کرۆز، کە لەسەر پشکی کۆمارییەکانە و ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکایە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئۆباما لەگەڵ ئێران سەبارەت بە مەلەفی ئەتۆمی کارەسات بوو، لەگەڵ ئەوەی ئێران گەشەی بە ئەتۆم دا، هاوکات پارەیشی پێ درا تا ئەو کارە بکات. ئێمەیش ڕێگەیان نادەین دەستیان بەو کارە بگات و ببن بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەندامی پەرلەمانی ئەمەریکا لە پشکی کۆمارییەکان، لیۆنارد لێنس دەڵێ، ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، خۆ ئیدی هاوپەیمانانیشمان دەکەونە مەترسییەوە، کە مەبەستی لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیایە، بۆیە بە پێویستی زانی کە ئەم سێ وڵاتەش دژی ئێران بوەستنەوە.

شاو