هه‌ولێر-KDP.info- له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى، پاپا فره‌نسیس پاپای ڤاتیكان هیواى خواست ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتى و ته‌باییه‌ى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه بۆ هه‌میشه به‌رده‌وام بێت و، هه‌موو كێشه و گرفته‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆگ و ئاشتى و لێكگه‌یشتنه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن.
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12/1/2018 له ڤاتیكان، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به فه‌رمى له‌لایه‌ن قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسیسه‌وه پێشوازى لێ كرا.
له كۆبوونه‌یه‌كى دووقۆڵیدا، قه‌داسه‌تى پاپا سوپاسى ئه‌م سه‌ردانه‌ى كرد و خۆشحاڵیى خۆى به دووباره دیدار و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى. هه‌روه‌ها سوپاسى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ میواندارییان له ئاواره‌كان به‌گشتى و به‌تایبه‌تى كریستیانه‌كان كه له ئه‌نجامى شه‌ڕى تیرۆرستانى داعش و ڕووداوه‌كانى دواتر ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون.
قه‌داسه‌تى پاپا هیواى خواست ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتى و ته‌باییه‌ى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه بۆ هه‌میشه به‌رده‌وام بێت و هه‌موو كێشه و گرفته‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆگ و ئاشتى و لێكگه‌یشتنه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها هیواى سه‌قامگیرى و ئاشتى بۆ خه‌ڵكى ناوچه‌كه و كوردستان به‌تایبه‌تى و هه‌موو پێكهاته‌كانى خواست و گوتى نزاتان بۆ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتوو بن و له ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیان به‌رده‌وام بن.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى به دووباره سه‌ردان و دیدارى قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسیس ده‌ربڕى، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى دۆخى ئێستاى ناوچه و پێشهاته سیاسى و ئابووریه‌كان له هه‌رێمى كوردستان له دوا دیداریانه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تیان تا ئێستا پێشكه‌ش كرد، هه‌ر له سه‌ركه‌وتن به سه‌ر داعشدا، كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، تا ڕووداوه‌كانى دواتر كه بوونه هۆى ئاواربوونه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى گه‌ڕابوونه‌وه ناوچه‌كانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان.
سه‌رۆكوه‌زیران هیواى خواست قه‌داسه‌تى پاپا پێگه و ڕۆڵى خۆى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا بگێڕێت، ڕوونیشى كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى دۆخه سه‌خته‌كه‌ى، به‌ڵام ده‌رگا و دڵى كراوه بووه بۆ پێشوازیكردن له ئاواره‌كان و هه‌وڵى جددیشى داوه كه خوشك و برایانى كریستیان بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانیان و له‌گه‌ڵ كه‌نیسه‌كان له هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵیان داوه كۆمه‌ڵگه‌ى كریستیان وڵات جێنه‌هێڵن. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش به‌رده‌وام ده‌بێت له پاراستنى ئه‌و ته‌بایى و پێكه‌وژیانه‌ى پێكهاته‌كان كه به‌شێكى گرنگى كه‌لتوورى هه‌رێمى كوردستانه.
دواتر هه‌ر له ڤاتیكان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ پیێترۆ پارۆلین، سه‌رۆكوه‌زیرانى ڤاتیكان، نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته سه‌ر دۆخى سیاسى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى بۆ ده‌سپێكردنى دیالۆگى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عیراق ده‌درێن.
پیێترۆ پارۆلین، سه‌رۆكوه‌زیرانى ڤاتیكان، وێڕاى سوپاسكردنى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بۆ یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنى ئاواره‌كان، به‌تایبه‌تیش كریستیانه‌كان، هیواى خواست هه‌موو كێشه و ناكۆكییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن.