Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، وه‌ڵامی هیومان رایتس وۆچی دایه‌وه‌


هه‌ولێر-KDP.info-  کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێ، كە ئەو دەستگیرکراوانەی هیومان رایتس وۆچ باسیان دەکات، لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی كوردستان کردووە.

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی كوردستان، له‌ بەیاننامەیه‌كیدا، به‌م شێوه‌یه‌یه‌ وه‌ڵامی هیومان رایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌:
کۆمیتەكە ئاماژەی داوە رۆژی 21/12/2017 ڕێكخراوی Human Rights Watch لە راپۆرتێکی بە ناوی (هەرێمی کوردستانی عێراق شاردنەوەی 350 بەندکراو) باس لە ژمارەیەک لەو کەسانە دەکات کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و لە زیندانە فەرمی و نافەرمییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم دەستگیر کرابوون لە شاری کەرکووک، بەڵام لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان چارەنووسیان دیار نییە، هەروەها باس لەوەش دەکات کە خانەوادەکانیان داوای دیاریکردنی چارەنووسی کەسوکاریان دەکەن.

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە بەیاننامەکەیدا وەڵامی راپۆرتی رێکخراوی ناوبراوی داوەتەوە تیایدا هاتووە "تا رۆژی 16/10/2017 هیچ بەندکراوێک لە لای ئێمە لە ئاسایشی کەرکووک دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچکەی دبس زیندانێکی کاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی راگوێزراوانی حەویجە کە پێش پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە دەهاتنە دبس و بەشێکیان کە ئەندامی داعش بوون یان هاوکاری داعشیان کردووە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرد و هەموو دەستگیرکراوەکان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس بوو. دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونکە هیچ گرتووخانەیەک لە کەرکووک نەبووە و لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک ئەرکیان تەنیا هاریکاریکردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەکە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەکانی میحوەری کەرکووک جێبەجێ کرا و هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیارییەتی پرۆسەی گواستنەوەکەیان لە ئەستۆ گرت".

هەروەها ئاماژەی داوە لە دوای شەڕی داعش لایەنە ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەگرنە بەر لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی گومانی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە لێدەکرێت و ئەوانەی کە دەستگیر دەکرێن هەموو مافێکیان هەیە وەک سەردانیکردن و بوونی پارێزەر هەروەها کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنیان ئاگادار دەکرێنەوە. لەگەڵ هاتنى راگوێزراوان بۆ ساترەکانى هێزى پێشمەرگە وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن، بەڵام ئافرەت ناپشکێنرێن بەهۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە ئەو پشکنینەش زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا. دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانى پێشوازى.

كۆمیتەكە ئاماژەی داوە "زۆر جار لە کاتی روودانی شەڕ هەندێک کەس دەستگیر کراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ئەوانەی کە بێتاوانن ئازاد دەکرێن و ئەوانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبێت بەپێی ماددە (٤)ی یاسای دژە تیرۆر کە پێشتر کاری پێدەکرا، و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرا بۆ ماوەى (24) کاتژمێر دواتر ڕەوانەى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى ناوچەکە دەکران. ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتبا کە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە ڕەوانەى دادگاى تایبەت دەکرا و هەموو مافێکیان هەبوو و کەسوکاریشیان لە دەستگیر کردنی ئەو تەمەتەی کە لەسەر دەستگیر کراوە ئاگادار دەکرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد دەکرا".

هەروەها تیایدا هاتووە "شێوازی دەستگیرکردنی ئەو (350) کەسەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ باسیان دەکات جیاواز بوو، چونکە بە تۆمەت دەستگیر نەکراون واتە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوە و دەزگا ئەمنییەکانیش بەڵگەیان لەسەر نەبوو، بەڵکو لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە و لە کاتی هاتنیان لە حەویجەوە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە وئیعتیرافیان کردبوو کە سەر بە داعشن و لە خێزانەکانیان دابڕا بوون، چونکە ئەوان خۆیان رادەستی سوپای عێراق نەکردوو، بەڵام لە هەمان کاتدا خێزانەکانیان گواستراونەوە بۆ کەمپەکانی جعێدە یان جدعە کە دەکەونە ژێردەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەکانیان لە دەستبەسەرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئه‌و یاسایه‌ تا 16/7/2016 كاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی 1969ی هەموار کراو دەکرێت".

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی كوردستان زیاتر روونی كردووەتەوە كە "لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان لایەنە ئەمنییەکان بە سەدان کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر کردووە دواتریش دادگایی کراون بەپێی یاسا کار پێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرکووک دەستگیر کراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش و لە دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى کەرکووک لە سەرەتاى شەڕى تیرۆرەوە دەستگیرکراون، ئاماژەی داوە كە ئامارەکان بەم شێوەیە بووە:

لە ساڵى (2014) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (115) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە ساڵى (2015) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (182) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە ساڵى (2016) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (83) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵى (2017): ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (19) دەستگیرکراو بوون.
کەسانەى کە تاوەکو ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان بەم شێوەیەیە:
لە ساڵى (2014) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (33) کەس بوون.
لە ساڵی (2015) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (78) کەس بوون.
لە ساڵى (2016) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (20) کەس بوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2017) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (شەش) کەسن.
ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە:
لە ساڵى (2014) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (پێنج) کەس بوون.
لە ساڵی (2015) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (23) کەس بوون.
لە ساڵی (2016) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (حەوت) کەس بوون.
لە شەش مانگی یەکەم ساڵى (2017) هیچ کەسێک سزای بۆ دەرنەچووە.، بەڵام (36) کەس سزاکانیان تەمیز کراوەتەوە.

هەروەها سەبارەت بە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان بە کاری تیرۆریستی و یارمەتیدانی تیرۆریستان دەستگیر دەکرێن و رادەستکردنیان بە حکومەتی فیدراڵی، بەیاننامەكە دەڵێ "حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکات سەبارەت بە رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوانی داعش و لەم رووەوە لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بەتایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و یۆنامی هەماهەنگی بەردەوامە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون و سزا دراون و لەم رووەوە کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی خولی بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی فەرمی رێکارە یاساییەکانی نەگرتۆتە بەر بۆ رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون بۆ حکوومەتی فیدڕاڵ".