Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا رێگەی بە وەزیری به‌رگریی بەلجیکا نەدا سەردانی هەولێر بکات

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ، وەزیری بەرگری بەڵجیکا دەیویست سەردانی هەولێر بکات بەڵام بەغدا رێگەی پێنەدا.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا  دلاوەر ئاژگەیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند: "وەزیری بەرگری بەلجیکا  سیڤن ڤاندەپۆت  ویستوویەتی سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی ھێزەکانی خۆیان لەو دوو شوێنە بەسەربکاتەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق رێگەی پێنەداوە سەردانەکە ئەنجام بدات، ھەر بۆیە سەردانەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتیشی، دوای ئەو رێگریکردنە حکوومەتی بەلجیکا نیگەرانبووە، بۆیە ئامرازێکی قورسی دیپلۆماسی بەکارھێناوە و باڵیۆزی عێراقی بۆ وەزارەتی دەرەوەیان بانگهێشتکردووە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەی پێویست لەوبارەیەوە بدات.
ئاژگەیی دەشڵێ، لە ئێستادا ئەو رێگریکردنی بەغدا لە وەزیری بەرگیی بەلجیکا کاردانەوەی زۆری لە میدیای بەلجیکا بەدوای خۆی هێناوە، پێشووتریش وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ویستی سەردانی هەولێر بکات کەچی بەغدا رێگری لێ کرد.

بڵند ئیبراھیم