Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی گواستەوە و گەیاندن لەسەر دەنگۆی ٣٢ هەزار فەرمانبەری شەمەندەفەر هاتە دەنگ

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە لە وەزاەرتەکەی ئێمە ٣٢ ھەزار کەس بە ناوی ھێڵی شەمەندەفەر دامەزراون دوورە لە ڕاستییەوە و ھیچ بنەمایەکی نییە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە لە ھەرێمی کوردستان بە ناوی فەرمانبەر لە ھێڵی شەمەندەفەر ٣٢ ھەزار کەس دامەزراون و مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، بەڵام وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە.

لەم بارەیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد محەمەد ساڵح، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو فەرمانبەرانی وەزارەتی ئێمە ٥ ھەزار و ٤٩١ فەرمانبەرە و ١٤٠ فەرمانبەری کاتیشی ھەیە، ئەمەش ھەموو بەشەکانی وەزارەت دەگرێتەوە، وەکو پۆستە و گەیاندن و کەشناسی، بەرێوبەرایەتی گواستنەوە، کە ھێڵی ئاسنین و ترامۆای تێدایە، ٧٤٨ فەرمانبەری ھەیە و ھەشت فەرمانبەری کاتین."

ئومێد محەمەد ساڵح گوتیشی: "ھێڵی ئاسنین و ترامۆای بەشن لە ناو بەرێوەبەرایەتیی گواستنەوە، ھۆکاری بوونی ئەمانەش ئەوەیە دیزاینی تراموای کراوە لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی پێش شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، کە زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلاری پێویستە، بۆیە تا ئێستا ھیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبووە ئەو ئەرکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بەڵام ئەوەی دەگوترێت وەزارەتی ئێمە ٣٢ ھەزار فەرمانبەری ھێڵی شەمەندەفەری ھەیە، دوورە لە ڕاستی و ھیچ بنەمایەکی نییە."

بڵند ئیبراھیم