Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەعدی پیرە: دەبێ ڕێ لە هەوڵی تێکدەرانە بگیرێ


هەولێر-KDP.info-  سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، یەکلیستیی لایەنە كوردستانییەكان بۆ هەڵبژاردنی عێراق بە بەرگرتن لە کەڵکوەرگرتنی نەیاران لە درزی نێوماڵی کورد دەزانێ. دەربارەی سەردانی حزبی سیاسییشەوە بۆ بەغدا دەڵێ، ئەو لایەنەی بڕواتە بەغدا و حكوومەتی هەرێم بە ناشەرعی باس بكات، كارێكی تێكدەرانەیە و دەبێ رێی لێ بگیرێت و سەركۆنە بكرێت.

سەعدی پیرە، لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی دابێی هەرێم و عێراقەوە، گوتی، "وەك یەكێتی پێمان وایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لایەنەكان ئازادن بە تەنیا بەشدار دەبن، یاخود هەر لایەنە و لەگەڵ لایەنێكی دیكەدا هاوپەیمانی دەبەستن، بەڵام بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پێناو سەنگ و قورسایی خۆمان، یەكلیستیمان پێ باشە."



پیرە، یەكلیستیی لایەنە كوردستانییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە رێگریكردن لە نەیارەكانی كورد ناو دەبات و دەڵێ، "بەو شێوە درز و كەلێنێك نامێنێتەوە، تاوەكو لایەنە نەیارەكانمان سوودمەند بن لەو ناكۆكییانەی لە نێوانماندا هەن".

لەناو یەكێتیدا بۆچوونێك هەیە، كەوا پێش هەڵبژاردنەكان وا باشترە كۆنگرە، یاخود پلنیۆم ببەسترێت، بەڵام وەك سەعدی پیرە گوتی، "ئاگام لەوە نییە و نازانم ئەو قسانە لە كوێوە هاتوون، ناشكرێ كادیرێكمان وەها قسەیەك بكات و بە ڕای فەرمیی حیزب وەری بگرن"، ئەم قسەی ئەندام مەکتەب سیاسییە، لە کاتێکدایە، کە لە چەند کاتێکی جیاوازدا، چەندان بەرپرسی ئەو حزبە پیشنیازیان کردووە، کە لە مانگی ٣ی ٢٠١٨دا کۆنگرە ببەسترێت.

رێكکەوتی ٤ی١ی٢٠١٨ شاندێکی بزووتەنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی عێراقدا کۆ بوونەوە، ئەوەش پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشووی ئەو لایەنانە خۆیان بوو، کە هەمیشە دەیانگوت، دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی حکوومی بن، نەک حیزبی. سەعدی پیرە پێیوایە سەردانیكردنی هەر لایەنێك بۆ بەغدا ئاساییە تا ئەوكاتەی كار بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند بكرێت.

گوتیشی: "هەر لایەنێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئایینی سەردانی بەغدا لە پێناو چارەكردنی كێشەكان بكات و سكاڵا لەسەر ناهەمواری بارودۆخی نێوان هەرێم و ناوەند بكات، پێشوازی لێ دەكەم و كارێكی مەشرووعە، بەڵام ئەو لایەنەی بڕواتە بەغدا و حكوومەتی هەرێم بە ناشەرعی باس بكات و ئەو لایەنانەیشی لە حكوومەتدان بە ناشەرعی ناویان ببەن، ئەوە كارێكی تێكدەرانەیە و دەبێ رێی لێ بگیرێت و سەركۆنە بكرێت."

خێڵان بەختیار