Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داوای ٣ حزبەكە لە عەبادی، ئاشكرا بوو

 

هەولێر-KDP.info-  په‌رله‌مانتارێكی نزیك لە حه‌یده‌ر عه‌بادیی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، زانیاریی نهێنی ده‌رباره‌ی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانی شانده‌ حزبییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپەیمانی ئاشكرای ده‌كات.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە کە قسەی بۆ كوردستان24 کردووە، شاندەكە له‌ به‌غدا و له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گەڵ عه‌بادی، داوایان لێ كردووه‌ ته‌نیا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پارێزگای سلێمانی ره‌وانه‌ بكات، نه‌ك فه‌رمانبه‌رانی ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە ده‌شڵێت، ھەوڵوێستی ئه‌و حزبانه‌ له‌باره‌ی ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر نزیك بووه‌ له‌ به‌غداوه‌.
جاسم محەممەد جەعفەر، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێ: "پێموانییە شاندەکەی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانیی دیموکراسی، کە سەردانی بەغدایان کردبوو، راوبۆچوونەکانیان گوزارشت لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات، شاندەکە لەبارەی رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق کردووە و داوایان کردووە بە پەلە رەوانەی بکات، ئەمەش شتێکی ئاساییە، چونکە پارێزگای سلێمانی لیستی مووچەخۆرانیان ئامادەیە بە پێچەوانەی هەولێر و دهۆك، هەروەها باسیان لە بوونی ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی کەرکووك کردووە، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەوانە گوزارشت لە شاندی حزبی دەکەن، نەك هەرێمی کوردستان".
گوتووشیەتی: "بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دوو حزبی نزیك لە حکوومەتی عێراقن، چونکە ئەوان هەڵوێستیان بەرامبەر بە ریفراندۆم و رووداوەکانی کەرکووك هەمان هەڵوێستی عێراق بووە، هەر ئەمەش وایکرد سەرۆكوەزیران لەگەڵیان کۆ ببێتەوە، چونکە لەگەڵ حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆ نابێتەوە، ئەگەرچی دوایان کردووە، ئێمە وەکو دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوەی ئیسلامی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گۆڕان و کۆمەڵ نزیکین، دوای هەڵبژاردنەکانیش هاوپەیمانێتییان لەگەڵ پێک‌دەهێنین".
رۆژی 4/1/2018، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ چەند بەرپرسێكی عێراق كۆ بوونەوە، ئەمەش كاردانەوەی لە ھەرێمی كوردستان لێكەوتەوە و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان و چاودێرانی سیاسی، رەخنە لە چوونی شاندی حزبی بۆ بەغدا دەگرن و پێیانوایە ھەر گفتوگۆیەك لەگەڵ بەغدا دەبێ لە رێگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بێت.