Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیاسەت و شەقام

د.سالار عوسمان
پێوەندییەکی قووڵ و قسەھەڵگر لە نێوان (سیاسەت) و (شەقام) ھەیە، پێموایە تا ئێستا لە لایەن نووسەر و لێکۆڵەری کوردەوە قسەیەکی ڕشت لەمبارەیەوە نەکراوە، مەبەستم لە قسەی ڕشت قسەی زانستییانەیە، چونکە ئەم بابەتە و پێوەندیی قووڵی نێوانیان شایەنی قسە، ڕامان و لێکدانەوەی زانستییانەیە.

سیاسەت: ھونەر، نوخبە و بەرپرسییەتی
کە باسی سیاسەت دەکەین، دەبێ ھە زوو ئیعتراف بەوە بکەین،کە کورد زاتییانە سیاسەت دەکات، زاتییانە تا ئەو ئاستەی بابەت وون دەکات، لە کاتێکدا، کە لە بنەڕەتدا سیاسەت بابەتە و پێوەندی بە کۆمەڵگە و ئاییندەی ھەمووانەوە ھەیە، کە دەشڵێین: ( بابەت، کۆمەڵگە، ئاییندە )، ھەر زوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە زات لە نێو ئەو ھاوکێشەیەدا گرفتخوڵقێنە، خۆ ئەگەر بە نموونە گرفتە سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکەیش وەربگرین، ھەر زوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە گرفتەکان پتر زاتین نەک بابەتی، کەواتە چەند زات پاشەکشە بکات گرفتی سیاسی کەم دەبێتەوە.
سیاسەت ھونەرە، بەڵام بە مۆڕاڵەوە، چەمکی مۆڕاڵ-یش بۆ خۆی قسەھەڵگرە، زۆر بە کورتی دەمەوێت بڵێم: سیاسەت بەڕێوەبەری کۆمەڵگەیە و کۆمەڵگە، تەنانەت خودی بەڕێوەبردن-یش بە مۆڕاڵەوە بەڕێوە دەچێت و پێچەوانەی ئەمە کۆمەڵگە لێکھەڵدەوەشێتەوە، کەواتە سیاسەت ھونەرێکی مۆڕاڵدار و ئامانجبینە، پرسیارەکە ئەمەیە: ئەم ھونەرە مۆڕاڵدارە ئامانجبینە کێ بەڕێوەی دەبات، نوخبە یان شەقام؟. بێگومان نوخبە، بەڵام کام نوخبە؟. ئەو نوخبەیەی لە ڕێگەی شەرعیەتی دەنگی شەقامەوە دێن، دیارە ئێمە لە بازنەی فراوانەکەوە باسی سیاسەت دەکەین، کەواتە ئەم تێڕوانینە نەک ھەر بۆ دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بەڵکو بۆ حزبێکی سیاسیش ھەر دروستە، ئایا حزبێک چۆن و بە چ تێگەیشتن و میکانیزمێک سەرکردایەتییەکەی ھەڵدەبژێرێت؟!. کەواتە ئێستا گەیشتینە ئەو خاڵەی،کە دەبێ نوخبەیەکی شەرعی سیاسەت بکەن، کە شەرعیەتیان لە ئەوانیتر: خەڵک(شەقام)ەوە وەرگرتووە، کەواتە سیاسەت جگە لە ھەردوو چەمکی (ھونەر) و (نوخبە)، بەرپرسیەتییە، بەرپرسیەتییە بەو تێگەیشتنەی نوێنەرایەتی کۆ:(شەقام) دەکات.

شەقام سیاسەت بەڕێوە نابات!..
ھەڵەیەکی زانستییانەی گەورە دەکەین، ئەگەر پێمان وابێت شەقام سیاسەت ڕەسم، ئاراستە و بەڕێوە دەبات، ھەموو ئەو حزبانەیش، تەنانەت ئەو کەسایەتییە سیاسییانەیش، کە شەقام بە سەرچاوە دەزانن، یا باشتر بڵێین پێیانوایە، کە ھێز لە شەقام وەردەگرن، لە ئیشکالیەتێکی گەورەدا دەژین، بە کورتی شەقام لە ڕێگەی دەنگدانەوە ڕۆڵی تەواو بووە، نوخبەی سیاسی ڕابەرایەتی ئەو بەرپرسیەتییە دەکات، کە لە شەرعیەتی دەنگدانەوە لە ئەوانیتر: خەڵک،(شەقام)ەوە وەریگرتووە، کەواتە شەقام سیاسەت بەڕێوە نابات و پێچەوانەکەی ڕاستە، پێچەوانەکەیشی ئەمەیە: (نوخبەی سیاسییە شەقام ڕێکدەخات، ئاراستەی دەکات، بەڕێوەی دەبات و بەرەو ئەو ئامانجەی دەبات، کە پێی دەگوترێت ئامانجی کۆ، کە لە ئەدەبیاتی سیاسی کلاسیکدا بە بەرژەوەندیی گشتی ناسراوە).
شەقام بۆتەیەکی ڕێکخراو نییە، بۆیە ناتوانی کاری ڕێکخراو بکات، کاری ناڕێکخراو بەرھەمدار نابێت، ئەوە ئەگەر بەرھەمیش لە بەین نەبات، نموونە زۆرن، تایبەت لە خۆپشاندانەکانی حەڤدەی شوبات و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەیش، بینیمان جگە لە زیان و سووتان و وێرانکردن، دواتریش دڕدۆنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پتر ئاڵۆزکردنی پێوەندییە سیاسییەکان ھیچیتری لێ شین نەبوو!..
پرسیارە ڕشتەکە ئەمەیە: کام حزب و کەسایەتی سیاسی شەقام بەکاردەھێنێت و ئامانجەکانیان چییە؟!. بەرسڤی کورت بۆ ئەم پرسیارە ئەمەیە:(ئەوانەن کە مەرامی نێگەتیڤیان ھەیە)، چونکە مەرامە پۆزەتیڤەکان بە میکانیزمی پۆزەتیڤ و بە تێگەیشتنی پۆزەتیڤ سازەندە دەکرێت.

قسەی دوماھی
شەقام سەرچاوەیە، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا، واتە لە قۆناغی دەنگداندا، کە قۆناغی یەکلاکەرەوەیە، بەڵام لە پرۆسەی سیاسییدا، لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، نوخبەی سیاسی ھەڵبژێردراو بڕیار دەدات نەک شەقام، بۆیە ھەڵەیەکی گەورەیە و، لە سیاسەتدا نابێ بە ھیچ جۆرێک بڕیار بدرێتە دەستی شەقام!.