Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگە بەردەوامه ‌و ھیچ كێشەیەك لە ئارادا نییە"

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم حەفتەیەدا دەست پێ دەكاتەوە و ھیچ كێشەیەك لە ئارادا نییە.

عەمید ھەڵگورد حیكمەت، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "پرسی دابەشكردنی مووچە یەكلا بووەتەوە و دەست بە دابەشكردنی كراوە، تاوەكوو ئێستایش تەنیا مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند لیوایەك ماون مووچە وەربگرن، ئەوانەی دیكە بە یەكەكانی ٧٠ و٨٠ـیشەوە ھەمووی مووچەی وەرگرتووە".

عەمید ھەڵگورد گوتیشی، ھیچ كێشەیەك لە ئارادا نییە و تەنیا حەفتەی رابردوو ئەو پارەیەی بۆ دابەشكردنی مووچە رەوانە كرابوو لەلایەن وەزارەتی دارایییەوە، بەشی نەكرد و بڕیارە ئەم حەفتەیە پارە رەوانە بكەن و مووچەی ئەوانی دیكەیش دابەش بكرێت.

لەبارەی چاكسازییەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەیشەوە، حیكمەت گوتی، پڕۆژەیەكی فراوانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەیە و لە ماوەی سێ مانگی داھاتوودا جێبەجێ دەكرێت، كە ھەموو جومگەكانی ناو وەزارەت لە خۆی دەگرێت، لەوانە رێكخستنەوەی ھەیكەلیەتی وەزارەت و ھێزی پێشمەرگە.

سەبارەت بە پێداچوونەوە بە پاسەوانی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەیشدا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی دا، پێداچوونەوە بە پاسەوانی بەرپرساندا دەكرێت و ئەمەیش خاڵێكە لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاكسازیدایە كە لە ماوەی داھاتوودا دەستی پێ دەكرێت و كاری لەسەر دەكرێت، ئەو كاتیش دیاری دەكرێت كە ئاخۆ ھەر بەرپرسێك چەند پاسەوانی ھەبێت و ئەمەیش ھەمووی رێك دەخرێتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم