Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەو هەموو ترس و پیلانگێڕییە

 

حوسێن کوردنەژاد
کە بە قووڵی و وردی چاو لە ڕووداوەکانی ناوچە دەکەین، چەند پێکهاتە و دیسکۆرس خۆیان دەردەخەن، بزووتنەوەیەکی دواکەوتووی شیعی و مەوجودییەتێکی سوننە بە تێرۆریست و کۆنسێرڤاتیڤ و مۆدێرنەوە و هەروەها بوونی کورد وەک هێزێکی ژیئۆپۆلیتیکی ستراتێژیک.
گرفت ئەوەیە کە گشتیان لە ئێستا و لە یەک و دوو دەیەی داهاتوودا رووبەرووی گرفتی بەرچاو دەبن لە ڕووی ئەوەی پێیدەگوترێ فاکتۆر یان لایەنی جیاوازی گەشەی مرۆڤییەوە، جا چ ئاو و دەرمان و ئابووریی کاریگەر بێ یان حوکمڕانی و هەتا دوایی.
ژێردەستەیی کورد لەمپەر و کۆسپی سەرەکییە بۆ ئەوەی کە بتوانێ چارەنووسی خۆی بە دەستەوە بگرێ و، بیرێک لە حاڵی خۆی و داهاتووی بکاتەوە.
تەجروبەی زشت و زیبای کوردستانی باشوور لە ڕووی حوکمڕانییەوە سەرەڕای هەموو بۆچوونی رەخنەئامێزی بە بنەما و بێ بنەماوە، نیشانی دا کە کورد چاوی لە داهاتووە و نەک لە رابردوو و کورد حازرە و ئەو توانا کۆمەڵایەتییەی تێدایە کە بتوانێ پەیڕەوەی لە ستراتێژییەکی کۆنەپەرەستانە نەکات.
دەستکەوتەکانی کورد لە باشووردا وەک حوکمڕانی و هەروەها لە ڕۆژئاوادا وەک ساغکردنەوەی کوردستان و بەرخودانی لە باکووردا و هەروەها هاودەنگی و هاوپەیمانیی نەتەوەیی کە نموونەی بەرزەکەمان لە ڕۆژهەڵاتدا دیت، دنیای کۆنەپەرەستی نەیارانی مێژوویی کە داگیرکەری کوردستانن تووشی وەحشەت و ترس کرد.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لووتکەی بانگی کورد بوو بۆ ئازادی بە هێزێکی بێوێنەوە، بۆیە داگیرکەران هیچ سنوورێکیان بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نەپاراست.
سیاسەتی ناوچە و جیهانی لەم مەرحەلەیەدا فریای ئەو فریاد و بانگە نەکەوت و ڕێی بۆ خۆش نەکرد، بەڵام گشت ئەو ناوەندانە کە لە دوای ڕیفراندۆم باسیان لە ڕیفراندۆم کرد و هەڵوێستیان گرت، بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە ئەم پاسیڤبوون و بێدەنگییە هیی ئەم کاتەیە و تاکتیکە بۆیە نەتیجەی ریفراندۆمی مێژوویی کوردیان سڕ کردەوە.
کە نەتیجەی ڕیفراندۆم لە ناو نەچوو و سڕ کرا، ترس و وەحشەتی داگیرکەران هێندەی تر ئاگری گرت و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان کە دەرەتانی کەمی لەبەردەستدایە بۆ ئیدارەی سەرکەوتوانەی خۆی، بەڵام خاوەن داهاتووی گەورەیە لە ناوچەدا، هەموو ڕۆژێک تووشی پیلانگێرییەک دەکەن.
بۆ ئێمەی کورد پێویستە بزانین کە دوژمنان و دەست و بەندەکانیان خاوەن هیچ داهاتوویەک نین بۆ وڵاتی ئێمە، ئەوەی ئەوان کردوویانە نموونەکەی سووریا و وێرانەکانی تری ناوچەیە. بۆیە دەتوانین بپرسین کەس هەیە خوازیار بێ باشوور وێرانە بێت؟ ئەمە پرسیارە نەک هەر بۆ خەڵکی ئاسایی وڵات، بەڵکو بۆ سیاسییەکانی زانا و کەمزان و زۆر خۆێندەوار و کەم خۆێندەوار.
پاراستنی وڵات ئەرکی هەموو کوردستانییەکە کە خوازیاری داهاتووە و تێکدان و ڕووخاندنی ئەرکی دوژمنانە. ڕادەی ترس و وەحشەتی نەیاران لە ڕزگاریی کورد خۆی وەڵامی ڕاستی و دروستیی ڕێبازی سەربەخۆییی کوردستانە.
زیاتر لە ئێمە نەیاران بۆ خۆیشیان دەزانن کە پێشی ئەم کاروانە بە کەس ناگیرێ. هەنگاوەکانی حکوومەتی کوردستان لە ئەمڕۆدا حیسابی بۆ بکەین حەوتوو تا حەوتوو، ئیسباتی وەدەستهێنانی دەستکەوتی تازەمان بۆ دەکات. پاراستنی ئەوەی هەمانە و باشترکردنی ئەرکە نەک تێکدانی، مرۆڤ و میللەتی ئاقڵ لە خۆی تێک نادات، دەنا رووڕەشی کۆمەڵگا و مناڵەکانمان و مێژوو دەبین.