Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆ ئەو ئاڵایە دەژین

ئاریان فەرەج

حەفتاو دوو ساڵە دەمانەوێ بشەكێتەوە و دەیانەوێ بكەوێ. لە كۆماری كوردستان و چوارچرای مەهابادەوە تا كەركوكی دڵی كوردستان، نەوە دوای نەوە و رابەر دوای رابەر بە ئەمانەت تەسلیم دەكرێ. بە گیان و دڵ دەپارێزرێ، هەر ئەوان لاری دەكەنەوە و هەر ئێمە شانی دەدەینەوەبەر و دوبارە دەیشەكێنینەوە.
ئەو ئاڵایە هیمای گەل و نیشتمانێكی بێبەش لە مافی چارەنووس و دەوڵەت و سەربەخۆیی و ئازادییە. ئاڵای گەلێكە سەد ساڵە بەو واقیعە تاڵە رانەهاتووە و رانایەت، چۆك دانادات و كەوی نابێ و خۆبەدەستەوە نادات. نسكۆ و شكستی بەسەر دێ و هەڵدەستێتەوە، ئەنفال دەكرێ و زیندوودەبێتەوە.
ژەهری كیمیایی دەرخوارد دەدرێ و دوبارە شین دەبێتەوە. خاكی سوتماك و گوند و شاری وێران دەكرێ و دوبارە بە چنگكڕێ بونیادی دەنێتەوە. هەر نەوەیەكی لەوەی پێش خۆی سەرسەخت و خەباتكار و سوورترە لەسەر ماف و ئازادی. لەوەتەی هەیە قوربانی دەدا و شەهید دەبێ و بەڵام هەرگیز نە كۆڵ دەدا و نە ماندوو دەبێ.
ئەوانەی مافی ئازادی و سەربەخۆیی بەم گەلە رەوا نابینن و گرە و لەسەر بەزین و خۆبەدەستەوەدانی دەكەن، مایەیوچ و بێ هیوان. گەلێك لە نێوان مەرگ و بندەستیدا، مەرگ هەڵبژێرێ، هەرگیز تا ئەبەد بە دیلی نامێنێتەوە و لەگەڵ بندەستیی ناحەوێتەوە. گەلێك ئەوە خەسڵەت و ئیمان و باوەڕی بێت، دوژمنەكانی دەمرن و ئەو دەمێنێ. داگیركەرانی مەحف دەبنەوە و ئەو دواجار بە ئامانج دەگات.
ئێمە لەگەڵ چیرۆكەكانی نسكۆ و پاشەكشەی كاتی و غەدر و گەلەكۆمەكێ و پیلانگێڕی و تەنانەت لەگەڵ خیانەتی خیانەتكارانی ناوخۆش راهاتوین و شۆك نامانگرێ. ئەم كاروانە هەرگیز نەوەستاوە و هەرگیز ناوەستێ. ئەم كاروانە هیچ شك نابات جگە لە حەق و رەوایی دۆزی میللەتێكی مەزڵوم، بەڵام بەهێز و كۆڵنەدەر و ماندوونەناس.
رۆژی ئاڵای كوردستان لە هەموو كوردستانییەكی سەر راست و كوردپەروەر و قوربانیدەر پیرۆز بێ، بە تایبەتیش لە رۆڵە نەبەزەكانی كەركوكی دڵی كوردستان، ئەوانەی جارێكی تر وورەی سەردەمی خەباتی نهێنی و نوسینی دروشمەكانی سەر دیوارەكان و خڕبونەوەی جەسورانەی ساحەی قوتابخانەكان و ووتنەوەی بە حەماسی ئەی رەقیب و بەگژاچونەوەی ئەمن و چەتەوڵەكانی بەعسیان لە بەرەنگاربونەوەی بەڵتەجییەكانی حەشد و میلیشیاكاندا، لە دەرونی هەر كوردستانییەكدا زیندووكردەوە.

زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان .