Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەتی بەغدا پێشێلکارییەکی دەستووریی دیکە بەرانبەر بە کورد و سوننە دەکات

هەولێر-KDP.info-  گەورەمەرجەعی شیعەکانی عێراق، (عەلی سیستانی) داوای کرد چەکدارانی حەشدی شەعبی چەکەکانیان دابنێن و تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی بەغدا ببنەوە. شارەزایانی یاسایی ئەمە بە پێشێلکارییەکی دیکەی دەستووری بەرانبەر بە کورد و سوننە دەبینن.

(حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو ناوچەکانی ژێردەستی داعشی لە لایەن سوپای وڵاتەکەیەوە ڕاگەیاند و بە پێی فەتوای (عەلی سیستانی)، ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی چەکدارانی حەشدی شەعبی بێت.


ئەو گەورەمەرجەعەی شیعەکان داوای کردووە، چەکدارانی حەشدی شەعبی چەکەکانیان دابنێن و تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکانی وڵات بن، بەڵام شارەزایان پێیان وایە کۆتایی بە حەشدە نایەت و تەنیا لەبەر گوشاری نێودەوڵەتییە ئەمە دەکرێت.


(نەدا مێرگەسووری)، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدووری دەزانێ حەشد هەڵبوەشێتەوە.


(مێرگەسووری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "قسە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، بە هۆی گوشاری نێودەوڵەتییە لەسەر حکوومەتی بەغدا و دواجار شیعەکانیش ئەمە وەک بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن.  ڕێکخستنی حەشدی شەعبی لە بنەڕەتدا نادەستوورییە و سەرەڕای ئەمەش من بەدووری دەزانم هەڵبوەشێتەوە."

ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی نزیک بە ١٥٠ هەزار کەسە و کاتێک ئەو هێزانە تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکان ببن، ژمارەی شیعە لەو هێزانەدا زیاتر دەبێ و لە بەرانبەردا ژمارەی کورد و سوننە کەم دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا ڕێژەی کورد لە سیستەمی بەرگریی عێراقدا بۆ ٢% کەم بووەتەوە و بە پێی دەستووری دەبوایە ١٧% بێت.


کاوە جەم