ھەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری هۆشیاری و ڕاگهیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەو لیستانەی لەبارەی کەمکردنەوەی مووچەی پێشمەرگە بڵاو کراونەتەوە ھیچی ڕاست نین.
دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کەمکردنەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە چەندین لیستی جیاجیا و چەندین دەنگۆش بڵاو کراونەتەوە، کە ھەندێک لەوانە باس لەوە دەکەن مووچەی پێشمەرگەی ئاساییش وەک پلەدارەکان کەم کراوەتەوە.
لەم بارەیەوە، بەڕێوبەری هۆشیاری و ڕاگهیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانهوه ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: "تا ئێستا ھیچ شتێکی فەرمیی لەبارەی کەمکردنەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئێمە نەگەیشتووە و ئێمەش لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی بزانین ئەو کەمکردنەوەیە بە چ جۆرێکە، ھەموو پێشمەرگە دەگرێتەوە، یان تەنھا پلەدارەکان، چونکە ئەوەی ھەیە باس لە ھەموو پێشمەرگە دەکرێت."
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) گوتیشی: "ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە لە ھەوڵی ئەوەداین کە کەمکردنەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە تەنھا پلەدارەکان بگرێتەوە و پێشمەرگەی ئاسایی مووچەی کەم نەکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پرسە بە تەواوەتی یەکلایی نەبووەتەوە."
بڵند ئیبراهیم