Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی: ڕیفراندۆم بەجێگەیاندنی ئەرك و پەیامێكی ڕاست و ڕەوا بوو

دهۆک-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی)  لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و حزبی و ئیداریی دەڤەری بادینان كۆبۆوە .  لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان (سەرۆک بارزانی) تەئكیدی لە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە وەك چارەسەرێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی هەرێم و ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە و بپارێزرێت و ئەرك و مافی هەموو لایەك بە یەكسانی دیاری بكرێت.


ڕۆژی شەممە 16ـی 12ـی 2017 لە شاری دهۆك سەرۆك (مەسعوود بارزانی) لەگەڵ بەرپرس و كارگێڕ و ئەندامانی لق و ناوچە و ئەندامانی پارلەمان و بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی و كەوادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان كۆبۆوە.


لە كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا سوپاسی هەڵوێست و قوربانیدانی جەماوەری سەربەرزی دەڤەری بادینان لە شەڕی تیرۆر و بەشداریی بەرفراوانی ئەو دەڤەرەی لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم كرد.  (سەرۆك بارزانی) پێزانینی هەبوو بۆ خۆڕاگری و قوربانیدان و پابەندبوونی خەڵكی ئەم دەڤەرە بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان و سڵاوی بۆ گیانی پاكی شەهیدان نارد و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خواست.

لە درێژەی وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) تیشكی خستەسەر دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و وردەكاریی ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەڵسوكەوت و پەرچەكردارەكانی حكوومەتی عێراقی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە. (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بەو هۆكارانەی كە هانی گەلی كوردستانی دا كە بڕیاری ڕیفراندۆم بدات، جەختی لەوە كردەوە كە ڕیفراندۆم بەجێگەیاندنی ئەرك و پەیامێكی ڕاست و ڕەوا بووە.

لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش (سەرۆك بارزانی) تەئكیدی لە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە وەك چارەسەرێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی هەرێم و ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە و بپارێزرێت و ئەرك و مافی هەموو لایەك بە یەكسانی دیاری بكرێت.