Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای بارزانی، پێداویستیی خوێندنی دا به‌ ٩٢٦ قوتابیی کەرکووک و خورماتوو

 
چه‌مچه‌ماڵ-KDP.info- هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ قوتابیانی کەرکووک و خورماتوو کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان درێژەبەخوێندن دەدەن، بەردەوامە و لە چەندین چالاکیدا جانتا و پێداویستی خوێندن پێشکەشی ٩٢٦ قوتابی دەکرێت.
 
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جانتا و پێداویستی خوێندنی گەیاندە ٣٤١ قوتابی خورماتوو قۆناغی بنەڕەتی یەک هەتا شەش کە لە ٨ قوتابخانەی سنووری قەزای کەلار درێژە بە خوێندن دەدەن. هەر لە هەمان رۆژدا لە چەمچەماڵ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداویستی خوێندنیان بەسەر ١٨٠ قوتابی دیکەی کەرکووک و خورماتوو دابەش كرد.
 
جێگای ئاماژەیە كه‌ رۆژی پێشتریش چەندین چالاکی بۆ هاوکاری کردنی ئەو قوتابیانە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە بەڕێوەچوو و تیایاندا ٤٠٥ قوتابی خورماتوو کە ئێستا لە کەلارن سود مەند بوون. ئەو قوتابیانە بەهۆی شەڕوئاڵۆزییەکانەوە ناچاربوون هاوشانی خێزانەکانیان ماڵ و ژیانی خۆیان لە خورماتوو  و کەرکوو بەجێبهێڵن و روو لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکەن، کە بەشێکی زۆریان لە قوتابخانە نوێکانیاندا درێژە بە خوێندن دەدەن.
 
جێگای ئاماژە پێکردنە ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری پەروەردەدا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبا، کە هەتا ئێستا بریتیبوون لە (درووستکردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆ قوتابخانەکان و قوتابیان و هەروەها خولی تایبەت بە فێرکردن و بارهێنان) کە ئەم چالاکییانە بە سپۆنسەری و هاوکاری رێکخراو و خێرخوازە هەرێمی و جیهانییەکان بەڕێوەدەبرێن.