Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریکا زەنگی جەنگێکی نێودەوڵەتیی لە دژی ئێران لێ دا

هەولێر-KDP.info-  باڵیۆزی ئەمەریکا لە یوئێن، زەنگی جەنگێکی نوێی بۆ ئێران لێ دا و، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش، دێکۆمێنتی لایە کە ئێران دەستوەردانی کردووە لە یەمەن. بەگوێرەی قسەکانی (نیکی هێلی)، ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا پێک دەهێنێ.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی مێدیای ئەمەریکا لە نێو هەموویاندا فۆکس نیوز، ساڵی ٢٠١٨ ساڵی دەستپێکی نەهێشتنی نفوزی ئێران دەبێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا. دوێنێ ئاماژەی جەنگێکی نوێ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بە گوێرەی ستراتیژیەتی نوێی (دۆناڵد ترامپ) بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران، دەستپێکەکەی دەرکەوت.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەوتەوە یەکگرتووەکان (نیکی هێلی)، لەبەردەم بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە واشنتن ئاشکرای کرد، ئەمەریکا لە هەوڵی دروستکردنی پێکهینانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتییە بۆ نەهێشتنی نفوزی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا. لە ناوەندەکانی مێدیای ئەمەریکادا ئەو قسەیه‌ی (نیکی) وەک زەنگی جەنگی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە دژی ئێران لێک درایەوە.

لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە چڕی کار لەسەر کۆکردنەوەی دێکۆمێنت کراوە لەسەر پێشێلکارییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا و (نیکی هێلی) دەڵێ، بەڵگەی تەواویان به‌رده‌سته‌ کە ئێران لە یەمەن چەکی داوەتە حوسییەکان و هەروەها لە عێراق و سووریا و لوبنانیشدا، بەڵگەی تەواویان لەسەر دەستوەردانی ئێران دەست خستووە.

لە قسەکانی (هێلی)دا رستەیەک بۆ داهاتوو هەیە کە لە کەناڵی فۆکس نیوزدا وادەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٨ لێک دراوەتەوە و، ئه‌و دەڵێ، ئێوە سەیرکەن کە ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەک لە دژی ئێران پێک دێنێ و بزانن چیی روو دەدات، ئەمە هاوپەیمانێتییە هەر دژی مەلەفی ئەتۆمی ئێران نییە، بەڵکوو دژی هەموو رەفتارەکانی ئێرانە کە لە ناوچەکەدا دەیکات. فۆکس نیوز ئەو رستەیەی بە مانای جەنگی ئەمەریکا لە دژی ئێران لێک داوەتەوە.

ئێران لە دوای قسەکانی (هێلی) لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەدا رەتی کردەوە کە ئەو قسانەی (هێلی) راست بێت و به‌ تۆمەت ناوی برد و وەک لایەنێکی دەروونی و بۆ بێزارکردنی ئێران ناویان برد.

بەڵام (هێلی) ئەم دەستوەردانەی ئێرانی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جووڵاندووە، بۆیە داوایشی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە دژی ئێران هەڵوێستیان هەبێ، بەتایبەت لەو گرێبەستانەی کە لەبواری سەربازی و چەکدا لە (لوبنان، یەمەن، عێراق و سووریا)ـدا، ئێران بە نایاسایی ئەنجامی داون.

ئەمەریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران پەنای بردووەتە بەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە مێدیای ئەمەریکا بەتایبەت مێدیای نزیک له‌ کۆمارییەکان ئاشکرایان کردوون، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە نهێنی باسێکی گەرم لەسەر ئەو مووشەکانە کراوە کە ئێران بەرهەمی هێناون و لە رۆژهەڵاتی ناویندا دەیەوێ بیداتە هاوپەیمانەکانی.

هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێلکارییەکانی ئێرانی تۆمار کردووە لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕی چەک کە رەوانه‌ی سعوودیای کردوون و مانگێکە بە نهێنی ئەوان لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر جۆری مووشەکە کردووە.

مانگی رابردوو حووسییەکان مووشەکێکان گرتە ریازی پایتەختی سعوودیا، لە پشکنینی تیمێکی نهێنی یوئێندا لە ریاز، دەرکەوتووە ئەو مووشەکە دروستکراوی وڵاتی ئێرانە.

تیمەکە وەک بەڵگە کارەکانی دێکۆمێنت کردووە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە راپۆرتەکەیاندا هاتووە، کە مووشەکەکە لە لایەن کۆمپانیای شەهید باقری (Shahid Bagheri) ئێران دروست کراوە و دراوە بە حووسییەکان.

ئەوەی کە وایکردووە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەدوای بانگەوازی ئەمەریکا بچێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران ئەو بەڵگە دێکۆمێنتەیە کە پشکنەرانیان لە ریاز دەستیان کەوتووە کە بەگوێرەی یاسایەکی یوئین کۆمپانیای شەهید باقری (Shahid Bagheri) ئێرانی لە لیستی رەشدایە و، کارەکانی ئەو کۆمپانیایە قەدەغە کراوە و سزای بەسەر سەپێندراوە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەمەریکا لە میانی رێککەوتنی لەگەڵ ئێران لەسەر مەلەفی ئەتۆمی، دەبوو ئێران رێگری لە دروستکردنی ئەو جۆرە مووشەکە بکات و بە کاری نەهێنێ، کە ئێستا لەلایەن حوسیەکانەوە لە دژی سعوودیا بە کار دەهێنرێ.

لای خۆیشیەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رایگەیاند، کە ئیدی ئەمەریکا سنوورێک بۆ ئەو وڵاتانە دادەنێت کە دەستوەردانی لە وڵاتانی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناویندا خراپ و نه‌رێنین.

شاو