Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کوڕی دۆستێکی کورد بوو بە سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا

پۆڵۆنیا-KDP.info-  (ماتێوش مۆراڤێچکی) وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی پۆڵۆنیا دەستبەکار بوو، (ماتێوش) کوڕی پەرلەمانتارێکی دۆستی گەلی کوردە کە لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان باوکی (ماتێوش) وەک چاودێر لە کوردستانبوو و لەکاتی گەڕانەوەیشی بۆ پۆڵۆنیا رایگەیاند،  ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە پێویستە ببێتە نمونەیەک بۆ رۆژهەڵاتی ناوین.

پێشتر (ماتێوش مۆراڤێچکی) جێگری سەرۆکوەزیران  و وەزیری ئابووری و گەشەپێدان بوو لە حکوومەتەکەی بێیاتە شیدوۆ. لەو کاتەی کە وەزیری ئابووری بوو سەرکەوتێکی بەرچاوی لەبواری ئابووری بەدەستهێنا ئەمەیش وایکرد کە لە نێو پۆڵۆنیادا پشتگیری زۆری لێ بکرێ.

سەرۆکوەزیران لە رابردوو بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتیی نوێی لە پۆڵۆنیا جێبەجێ کرد، لە سیستەمی وەرگرتنی باج و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەدا رۆڵی باشی هەبوو، بەو هۆیەوە پۆڵۆنیا لە نێو ئەورووپا لە گەشەیەکی خێرادایە، هەروەها پارتی یاسا و دادپەوەری بەوهۆیەوە لەنێوخەڵکی دا ناوبانگی زیاتر بوو. گرنگترین پەیامی (ماتێوش مۆراڤێچکی) وەک سەرۆکوەزیران بریتیە لە باشترکردنی وێنەی پۆڵۆنیا لە جیهانی دەرەوەدا.

سەرۆکوەزیرانی پێشوو (بێیتا شێدوۆ) لەنێو خۆی پۆڵۆنیا ناوبانگی زۆری هەبوو، بەڵام بەردوام ناکۆکی  لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپادا هەبوو، لەنێو ئەم ناکۆکیانەش ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی کۆچبەران و مشتومری چاکسازی سیستەمی دادوەری کە لەلایەن ئەورووپاوە جێگای گومانن.

دەبینرێ کە سەرۆکوەزیرانی نوێ شانسێکی گەورە بێت بۆ نزیک بوونەوە و رێکەوتن لەگەڵ ئەورووپا، پێوەندییەکی زۆر باشی سیاسی و ئابووری هەیە لەگەڵ جیهان کە دەستی پێکردووە لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٥ ، هەروەها سەرۆکی لێژنەی بانکی زاخۆدنیی بوو (Bank Zachodni WBK) کە گەورەترین بانکی پۆڵۆنیاییە.

(ماتێوش مۆراڤێچکی) کوڕی کۆرنێل مۆراڤچکییە (Kornel Morawiecki) کە ئەویش ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی فەخری پەرلەمانی  پۆڵۆنیایە و یەکێکیش بووە لە چالاکوانە ئەکتیڤەکانی بزووتنەوەی سۆلیداریتی، کە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان لە دژی سیستەمی کۆمۆنیزم کۆششی کردووە.

وەک ئەندام پەرلەمان (کۆرنێل مۆراڤچکی) بە بەردەوام  پشتگیری  خۆی لە سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیاندووە، هەروەک لەکاتی کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپۆڵۆنیا (زیاد رەئوف) لە ١٢سێپتێمبەر دووپاتی کردەوە. هەرەوها لە ٢٥ سێپتێمبەریش وەک چاودێر لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی  لە کوردستان ئامادە بوو.
  پاش گەڕانەوشی  لە میدیاکانی پۆڵۆنیا دەریبڕی، کە ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستاندا بوونی هەیە پێویستە ببێتە نمونەیەک بۆ تیکڕای رۆژهەڵاتی ناوین.