Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەشد نەیهێشت ئێزدییەکان بە ئارامی لە شنگال جەژن بگێڕن

شنگال-KDP.info- هاووڵاتییەک لە شنگال دەڵێ، حەشدی شەعبی نەیهێشت ئێزدییەکان بە ئارامی جەژن لە شنگال بگێڕن، هەروەها نەیهێشت ئێزدییەکان نەریتێکی ساڵانەیان بەجێبێنن کە لە جەژندا سەردانی گۆڕستان دەکەن.

ئەمڕۆ لەسەرتاسەری جیهاندا جەژنی ئیزدیان بوو، بەڵام لە شنگال ئیزدییەکان خەمگین بوون و بە ئارامی جەژنیان نەکردەوە.
لە بارەی بەسەربردنی جەژن هاووڵاتیی (ئیلیاس عەلی) لە قەزای شنگال دەڵێ، وەک نەریتێکی ساڵانە لە دوای سێ رۆژ بە رۆژوو بوون ئیزدییەکان دەچنە سەرگۆڕستان، بەڵام حەشدی شەعبی رێگری لێکردن و نەیانهێشت سەردانی گۆڕستانەکانیان بکەن.

ئەو هاووڵاتییە لەبارەی جەژن لە شنگال دەڵێ، ئەمساڵ ئیزدییەکان دەیانویست جەژن بکەن، بەڵام حەشدی شەعبی لە شنگال نەیهێشت بە ئارامی ئەو جەژنە بگێڕین، حەشد ئارامی لە شنگالیان بڕیوە.

(ئیلیاس) کە خۆی لە قەزای شنگالە، دەڵێ دۆخی شنگالیان زۆر خراپە، سەرباری ستەمی داعش و ئێستایی میلیشیای حەشدی شەعبی، بەهۆی دۆخی ئابوورییشەوە لە شنگال ژمارەیەکی زۆری خەڵک نەیانتوانی پێداویستی جەژن دابین بکەن، حەشدی شەعبی گەمارۆی ئابووری خستووەتە سەر شنگال، دەرگاکانی شنگالی داخستوون و خەڵکیش دەترسێ بچنە مووسڵ، چونکە رێگە ئارام نییە.

ئەمڕۆ ئێزدییەکان لە دوای سێ رۆژ بە رۆژوو بوون لەسەرتاسەری جیهاندا جەژنیان گێڕا، بەڵام خەمگین بوون بەهۆی ئەو کارەساتەی داعش بەسەری هێناون و هەروەها ئێستایش کە داعش دەستی بەسەر ناوچەکانیان گرتووە.

کـــاروان بـــاعەدری