Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتیی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی خورماتوو دەکات

هەولێر-KDP.info-  شاندێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی خورماتوو گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان و ئەندامێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتییش دەڵێ، ھەموو ھەوڵێک بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە گەلی کورد دەدەین.

(د.وەعدی مزووری)، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "شاندێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتیی گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان و بڕیارە کار لەسەر کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکۆمێنت بکەن لەبارەی تاوانەکانی حەشدی شەعبی لە قەزای خورماتوو، یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتیی لە ٢٥ میللەت پێکدێن و سەنتەرەکەی لەشاری ئیستانبوڵی تورکیایە، شاندەکە لە پێنج کەس پێکھاتووە و بەھۆی کێشەی نەبوونی ڤیزە مافپەروەرانی دیکە نەیانتوانی بێنە ھەرێمی کوردستان وسێ ئەندامیش لێرەن پێکەوە کار لەسەر دۆسیەی تاوانەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکەن و ھەرکەسێک بەلگەیەکی لابێت دەتوانێت بگەیەنێت بە دەستی ئەوان بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن.

ئەندامەکەی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی دەڵێ، " ئێمە دەمانەوێ ھەرچی بەڵگە و دیکۆمێنت ھەیە کۆیبکەینەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتی کاری لەسەر بکەین، ھەتا ئێمە برادەرێکمان ھەیە لە مافپەروەرانی نێودەوڵەتیی تەنیا کار لەسەر دۆسیەی جیھانی دەکات، دوای تەواوبوونی کارەکانمان بەیاننامەیەک بڵاو دەکەینەوە و ھەرچی پێویستە بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی کە بەرانبەر خەڵکی خورماتوو کراوە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان کاری بۆ بکەین.

(د.وەعدی مزووری) ئاماژەیشی دا" بەداخەوە ئێمە بەھۆی رەوشی مەترسیداری خورماتوو ناتوانین سەرەدانی شارەکە بکەین، بەڵام ئێمە خەڵکی ئاوارە و دەربەدەر دەبینین، چونکە پێمانوایە ھەموو پێوەرەکانی جینۆساید لەنێو ئەو تاوانەی حەشدی شەعبی دا ھەیە کە بەرانبەر بە خەڵکی خورماتوو کراوە، ئاشکرایە تاوانەکان لە دژی پێکھاتەیەکی شارەکە ئەنجامدراون و خەڵک کوژراو دەستدرێژی کراوتە سەر ئافرەت و خانوو ماڵی ھاوڵاتیان سووتێندراوە، لەبەر ئەوەش قەبارەی تاوانەکان لەوە دەرچوونە بڵێین تاوانی ئاسایی و لۆکالین.

قائید میرۆ