Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"عەبادی دەیەوێ برسیمان بکات نەوەک مووچەمان بۆ بنێرێت"

هەولێر-KDP.info- شرۆڤەكارێكی سیاسی دەڵێ، (حەیدەر عەبادی)، سەرۆكوەزیرانی عێراق نە نیەتی هەیە مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بكات و نە دەتوانێ ڕەوانەی بكات، بەڵكو بڕیاری داوە خەڵكی كوردستان برسی بكات و سنوورەكان نەكاتەوە و كوردستان نەمێنێت، ئەوەش پێچەوانەی دەستوور و یاسایە.

بۆ ماوەی زیاتر لە 3 ساڵە حكوومەتی عێراق بودجە و مووچەی كوردستانی بڕیوە، ئەمە لە كاتێكدایە ساڵانە بودجەی كوردستان لە ناو بودجەی گشتیی عێراق پەسەند دەكرێت، بەڵام ڕەوانە ناكرێت، ئەمساڵیش ڕێژەی 17% نەماوە و لەسەر ڕێژەی دانیشتووان دانراوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسا و دەستوورە، چونكە لە دەستووردا هاتووە تا سەرژمێری دەكرێت، دەبێ ساڵانە 17% بۆ كوردستان ڕەوانە بكرێت.

(عەبدولسەلام بەرواری)، شرۆڤەكاری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: (حەیدەر عەبادی) زۆر باس لە ڕەوانەكردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات، هەندێك لایەنی كوردی وا دەزانن حكوومەتی عێراق ئەو كارە دەكات، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەگەر بڵێ مووچەی هەموو فەرمانبەران دەدەم، هەر لە هەمان كاتدا دەڵێ، باوەڕم بەو لیستەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە، كە لە كوردستان هەیە، ئەوەش بۆ ئەوەیە كە دەیانەوێت بە شێوەیەك مامەڵە بكەن كە كوردستان لە ژێر دەستی ئەواندا بێت، نەك هەرێمێكی سەربەخۆ بێت، ئەوەش پێچەوانەی دەستوور و یاسای عێراقە.''

(بەرواری) ڕوونیشی كردەوە: ''هەندێك لایەنی سیاسی، خۆیان كردووەتە وتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق و قسەی ئەو بڵاو دەكەنەوە، كە وا پێشان دەدەن، عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات، بەڵام ئەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كێشە دەنێتەوە و ڕازی نییە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو بڕوایە بۆ خەڵكی ئێمە دروست دەبێت، كە كردارەكانی ئەوان هەموو گرێ دراون بە یەك و دوو، ئەوان بڕیاریان داوە خەڵكی كوردستان برسی بكەن، سنوورەكان لە ئێمە بگرن، نەتوانین نەخۆشەكانی خۆمان ڕەوانەی دەرەوە بكەین، تەنیا چاوەڕوانی ئەوە دەكەن، كە گەلی كورد خۆپێشاندان بكات و دژی حكوومەتەكەی خۆی بوەستێتەوە، وا دەزانن وەكو ئەوەی لە كەركووك كرا و بۆ ئەوان  لە ناوچەكانی دیكەش دەچێتە سەر، ئەگەرنا (حەیدەر عەبادی) نە نیەتی هەیە مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بكات و نە دەتوانێ ڕەوانەی بكات، چونكە عێراق، خۆی لە قەیرانێكی قووڵی داراییدایە.''

ڕابین شێروانی