Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سبەی جەژنی ئێزدییانە

دهۆک-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی (بابەشێخ)، باوکی ڕۆحیی ئێزدییان و مەرجەعی باڵای ئێزدییان ڕایگەیاند، ئێزدییان لە ڕۆژی (١٢-١٣-١٤)ی ئەم مانگەدا بەڕۆژوو بوون و سبەی، کە دەکاتە (١٥-١٢-٢٠١٧) جەژنی ئێزدییانە.

(هادی بابە شێخ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''ئێزدییانی سەرتاسەری جیهان بەڕۆژوو بوون، کە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و ڕۆژی هەینی، کە دەکاتە ١٥ی ئەم مانگە تاکو سبەی دەبێتە جەژن.''

(هادی بابە شێخ)، ئاماژەیشی دا: ''ئێزدییان ڕێوڕەسمی جەژن دەگێڕن، ئەمەش لە دوای ئەوەی دێت کە ئێزدییان لە دوای (٣-٨-٢٠١٤) کە کۆمەڵکوژیی ئێزدییان لە شنگال ڕووی دا، هێچ جەژنێکیان نەکردووە، لەبەر ئەوەی تەنیا جەژنمان ئەوەیە کە دایک و خوشکەکانمان لە دەستی داعش ڕزگار بکرێن.''

لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا زیاتر لە ٦ هەزار کەسیان ڕفاند و ٣٦٠ هەزاریش ئاوارە کران و ٩٠ هەزاریش کوچی دەرەویان کرد.

ئێزدییان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن، زۆربەیان لە پارێزگای دهۆک و دەشتی نەینەوا ئاکنجین و لە مێژوودا زیاتر لە ٧٤ جاریش تووشی کۆمڵکوژی بوون، لە بەشێکی وڵاتانی جیهان هەن، وەک ڕووسیا و جۆرجیا و ئەرمینیا و ئەڵمانیا و سوید و سووریا .

ئەمڕۆ (سەرۆک بارزانی) پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕۆژووی ئێزدییان ئاراستەی ئێزدییانی کوردستان و جیهان کرد.

کـــاروان بـــاعەدری