Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەوەی لە خورماتوو دەگوزەرێ هاوشێوەی جینۆسایدی سەردەمی بەعسە"

خورماتوو-KDP.info- شارەزایەکی بواری ئەنفال و جینۆساید پێی وایە، جینۆساید بەرامبەر بە گەلی کورد بەردەوامە و دەشڵێت، ئەوەی لە خورماتوو و کەرکووک بەڕێوە دەچێت، ھەمان شێوازی ئەنفالی بەعسە بە کۆپتەر ھێرش دەکاتە سەر گوندە کوردستانییەکان.

سێ ساڵە لە خورماتوو، تاوان بەرامبەر خەڵکی مەدەنیی کورد ئەنجام دەدرێت. تا ئێستا زیاتر لە ١٦٨ ھەزار و ٣٧٢ کەس، لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری بە ھۆی توندوتیژییەوە ئاوارە بوون. زیاتر لە ٨٠٠٠ ھەزار خێزان تەنیا ئاوارەی خورماتوون. ئێستا لە دۆخێکی ناھەمواردا بەبێ ھەبونی پێداویستییە سەرەتاییەکان، ژیان بەسەر دەبەن. ھەڵکەندنی ئەو خەڵکە لە ماڵوحاڵی خۆیان، لەسەر بنەمای ڕەگەز و مەزھەبە و تاوانیان تەنیا کوردبوونیانە. (ئیسماعیل ھەنارەیی)، شارەزای بواری جینۆساید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تاوانەکانی میلیشیاکانی حەشد و ھێزە عێراقییەکان بەرامبەر بە خورماتوو و کەرکووک ھەمان ڕێچکەی ڕژێمی لەناوچووی بەعسە، کە گرتوویانەتە بەر و بە کۆپتەر ھێرش دەکەنە سەر گوند و ناوچە کوردستانییەکان، خۆ کاتی خۆیشی لە سەردەمی ئەنفالدا بەعس بە ھەمان شێوەی ئێستای عێراق بە فڕۆکە ھێرشی دەکردە سەر کورد و ھاووڵاتیی سڤیلی دەکردە ئامانج، ھەموو ئەو تاوانانەی ئێستا دەکرێن چ لە خورماتوو، یان لە کەرکووک و شوێنەکانی دیکە، ھەر لە سووتاندنی ماڵی خەڵکەوە تا گرتن و ڕاوەدوونانی ھاووڵاتییانی سڤیل، دەچنە چوارچێوە تاوانەکانی جینۆساید."

بەر لە چەند ڕۆژێک بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی حەشدی شەعبی و تورکمانی شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە قەزای خورماتوو، بەڵام لە لایەن میلیشیاکان ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان نەدرا سەردانی گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە بکرێت. (ئیسماعیل ھەنارەیی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تاوانەکانی دژی گەلی کورد گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و تەنانەت زمانی کوردی قەدەغە کراوە، لەبەر ئەوەی ھەموو تاوانەکانی ئەنجام دەدرێن بێ ھیچ شک و گومانێک بەردەوامیی پڕۆسەی ئەنفالە، کە ئەوەی ڕژێمی بەعس نەیکرد، ئێستا ئەمانەی دەسەڵاتیان بەدەستە جێبەجێی دەکەن، ئەمەش بە بەرنامە و پیلانی پێشوەختە دەکرێت و ھەنگاوبەھەنگاو کار بۆ سڕینەوەی کورد دەکرێت، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان."

قائید میرۆ