Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە شنگال شەڕ لە نێوان باڵەکانی میلیشیای حەشد ڕووی دا

شنگال-KDP.info- سەرچاوەیەک لە شنگال ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، چوارشەممە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان باڵەکانی حەشدی شەعبیدا ڕووی دا و کوژراو و برینداریش هەیە.

سەڕچاوەیەکی ئاگادار لە شنگال کە نەیویست ناوی ببرێت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی  کوردستان گوتی: ''شەڕ لە  نێوان  باڵی حەشدی شەعبیی ئێزدی و حەشدی هۆزە عەرەبەکان ڕووی دا و کەسێک کوژرا و چەندین برینداریش هەیە.''

سەرچاوەکە گوتیشی: ''شەڕەکە لەبەر هۆکاری ئەوە بوو حەشدی شەعبی فەوجێکی بۆ ئەو هۆزانە دروست کردووە، کە دەستیان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا هەبوو, هەر لەبەر ئەوەش شەڕەکە ڕووی دا و تا ئێستا باری شنگال ناجێگیرە.''

هەر لەسەر ئەم پرسەش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئێزدییان لە شنگال لە دژی هەبوونی ئەو فەوجە خۆپێشاندانێکیان ئەنجام دا.

سەرچاوەکە دەشڵێ: ''دروشمی خۆپێشاندەران داوا کردن بوو کە ئەو کەسانەی تۆمەتبارن لە شارۆچکەکەیان دوور بخرێنەوە، چونکە ئەگەری دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی دیکە هەیە و، دەڵێن، هەر ئەم هۆز و کەسانە بوون دەستیان هەبوو لە کۆمەڵکوژی ئێزدییاندا."

پێشتریش بەرپرسە ئێدارییەکانی شنگال بە ماڵپەری فەرمیی پارتییان رایگەیاندبوو، حەشدی شەعبی ئەو کەسانەی هێناونەتە ناو شنگال، کە دەستیان هەبووە لە تاوانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی.

کاروان باعەدری