Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پەرلەمان و حکوومەت بە هەماهەنگی ئەم دۆخە تێدەپەڕێنن"

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە کرایەوە، کە ئەم دۆخە تاڵەی ئێستا هەیە حکوومەت و پەرلەمان هەماهەنگ دەبن و تێیدەپەڕێنن.

لەسەر داوای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەعات ١٠ى بەیانیی ئەمڕۆ ٢٠١٧/١٢/١٣، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە هۆڵی پرۆتۆكۆل لە تەلاری پەرلەمان بەڕێوە چوو.

شاندی پەرلەمانى كوردستان بە سەرۆكایەتیی (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، جێگرى سەرۆكی پەرلەمان و (خاتوو بێگەرد  تاڵەبانی)، سكرتێری پەرلەمان و ئەندامیەتیی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەرى لیژنەكانی دارایی و كاروبارى ئابوورى و وەبەرهێنان و پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان و كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانى سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێكهاتبوو، شاندی حكوومەتیش بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و (قوباد تاڵەبانی)، جێگری سەرۆكی حكوومەت و ئەندامیەتی (مەولود باوەموراد)، وەزیری كاروباری پەرلەمان و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وتەبێژی حكوومەتی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی و ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی ئەنجومەنى وەزیران پێكهاتبوو.

كۆبوونەوەكە تەرخان كرابوو بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزراتی دارایی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەبارەت بە داهات و خەرجییە گشتییە خەمڵێندراوەكان بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی داراییی ٢٠١٨ و خستنەڕووی بژاردەكانى بەردەم حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەگەرى ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق، یان ڕێكنەكەوتن.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تەرخان كرابوو بۆ خستنەڕووی پڕۆژەی چەند بڕیارێكی چاكسازی لە بواری ڕێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی و مووچە لە كەرتەكانی مەدەنی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشى ناوخۆ.

سەرەتاى كۆبوونەوەكە هەریەك لە جێگرى سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی حكوومەت، كۆبوونەوەكەیان بە هەنگاوێكی ئەرێنی بەرەو دەستپێكردنەوەی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حكوومەت وەسف كرد و ئامادەیی پەرلەمانیان بۆ هەر هەنگاوێكی جددیی چاكسازیكردن لە دامەزراوەكانی هەرێم  دەربڕی، بەتایبەت لە نزیكەوە كاركردن و بەدواداچوونی لیژنەكانی پەرلەمان بۆ كاروبارى وەزارەتەكانی حكوومەت.

پاشان سەرۆكی حكوومەتی هەرێم سوپاسی پێشوازیی ئامادەبووانی كرد و خۆشحاڵیی خۆی بە ئامادەبوون لە پەرلەمان دەربڕی و ڕایگەیاند: "ئامانجمانە پەرلەمان لە دۆخی دارایی و هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ چاكسازی ئاگادار بكەین، دوای ئەو قەیران و دۆخەی بەسەر هەرێمدا هات، ڕاستە دۆخێكی تا بڵێی سەخت هاتووەتە پێشەوە، بەڵام بە تەنسیق و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حكوومەت دەتوانین ئەو دۆخە تێپەڕێنین".

جەختیشی لەسەر فاكتەرى یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان كردەوە و ستایشی هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكانیشی كرد كە لە بەغدا بە یەكهەڵوێست بەرگرى لە ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گوتیشی: "هەرچەندە تابلۆی ئێستای پەرلەمان خواستراو نییە، بەڵام سەرجەم فراكسیۆنەكان خەمخۆری تێپەڕاندنی ئەو دۆخەن".