Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"عێراق لە ئەزمەیەکی قووڵی داراییدایە و ناتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات"

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران دیاری كرد، (حەیدەری عەبادی) زیاتر لە ئێمە دەزانێت كە عێراق لە ناو ئەزمەیەكی قووڵی داراییدایە، بۆیە (حەیدەر عەبادی) ناتوانێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات كە دەیدات و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ڕەوانە ناكات.

پێشتر لە نامەیەكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بە واژووی سەرۆكی هەرپێنج فڕاكسیۆنەكە ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆكایەتیی عێراق و لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق كراوە و، تێیدا كۆمەڵێك داواكاری خراونەتە ڕوو، لەوانە گۆڕینی ناوی پارێزگاكانی هەرێم بۆ حكوومەتی هەرێم، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی ماددەی 117ـی دەستووری عێراقە، جگە لەوەی پشكی هەرێم وەكو ساڵانی ڕابردوو بكرێتە 17% و مووچەی هێزی پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان لە ڕووی چەك و تەقەمەنییەوە دابین بكرێت، هەروەها پشكی پارێزگای هەڵەبجەش هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە لە بودجەدا دابین بكرێت.

پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018ـی عێراق بەند كراوە بە ژمارەی دانیشتووان و هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمەش ناڕەزایی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لێ كەوتووەتەوە، بۆیە بەبێ گۆڕینی ئەم بڕگەیە ئامادە نین بودجەی 2018 پەسەند بكەن.

شایانی باسە، قەبارەی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2018ـی عێراق بە 103 ترلیۆن و 997 ملیار دینار خەمڵێندراوە و پێشبینی دەكرێت 13 ترلیۆن و 821 ملیار دینار كورت بێنێت.

(نەدا مێرگەسۆری)، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "لیژنەی دارایی ڕاسپێردراوە كە تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان پێشكەش بكەن، چاوەڕوان دەكرێت ئەو لیژنەیە كارەكانی خۆی تەواو بكات و ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بكات، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەندامان هەیە لە ناو ئەو لیژنەیەدا و پێشنیارەكانی ئێمە دەگەیەنن، ئەگەر پێشنیار و تێبینییەكانی ئێمە لەبەرچاو گیران، ئەو كات ئێمەش دەنگ بە پرۆژەیاساكە دەدەین، چونكە ئەو كات لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا دەبێت."

ڕوونیشی كردەوە: "(حەیدەری عەبادی) زیاتر لە ئێمە دەزانێت كە عێراق لە ناو ئەزمەیەكی قووڵی داراییدایە، عێراق بە خۆی قەیرانی دارایی هەیە، بۆیە من تەئكیدم كە ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بدات، بەڵام ئەوە بەهانەیە كە ئێمە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابین دەكەین، ئەگەر ڕەوانەی كردبایە، دەبوایە لە 2014 ڕەوانەی كردبایە كە ئەوكات قەیرانی دارایی بەو شێوەیە نەبوو، كە ئێستا هەیە، بۆیە (حەیدەر عەبادی) ناتوانێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات كە دەیدات و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ڕەوانە ناكات".

 

ڕابین شێروانی