Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چەکدارانی داعش بە پارە خۆیان دەکڕنەوە

 

هەولێر-KDP.info-  تیرۆریستانی داعش ئەوانەی کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی بەغداوە دەستگیر کراون، بە پارە دەکڕدرێنەوە و رزگار دەکرێن. ئەمە لەلایەن بەرپرسانی سوننەی شاری مووسڵ ئاشکرا کراوە.

بەرپرسانی سوننە ئاشکرای دەکەن، دۆخی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش ناجێگیرە و، خەڵک تۆڵە لە یەکتر دەکەنەوە. ئێستا پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە لەژێر دەستەڵاتی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە.
ئەندامانی سوننەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چەندین زانیارییان بۆ لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنەکەیان ئاشکرا کردووە.
(ئەشواق جاف) ئەندامی کوردی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەران، چەندین زانیاریی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارە سوننانەوە پێگەیشتووە.
ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "پەرلەمانتارە سوننەکان زانیاریی تەواویان هەیە کە ئەو چەکدار و کەسانەی یارمەتیی داعشیان داوە، بە پارە دەکڕدرێنەوە و ئازاد دەکرێن."
لەگەڵ راگەیاندنی سەرکەوتنی تەواوی هێزەکانی حکوومەتی بەغدا بەسەر داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو ناوچەکان، بەرپرسانی بەغدا ئاشکرایان کردووە نزیک بە دوو ملیۆن ئاوارە بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.
سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی هەموو ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی داعش، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی هەزاران کەس دیار نییە، وەکوو چارەنووسی زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کوردی ئێزدی.
ئەوە لە کاتێکدایە سێ وڵات داوای خێزانەکانی چەکدارانی داعشیان کردووەتەوە کە ئێستا لە ژێر دەستەڵاتی حکوومەتی بەغدادان.

وڵاتانی رووسیا، تورکیا و ئەڵمانیا داوای ژن و منداڵی چەکدارانی داعشیان کردووەتەوە. خێزانی ئەو چەکدارانە پێویستە بە بەڵگەی فەرمیی بیسەلمێنن کە خەڵکی ئەو وڵاتانەن بۆ ئەوەی رادەست بکرێتەوە.
(ئەشواق جاف) دەڵێ، "نزیک بە ١٥ رۆژ لەمەوپێش، ٥٠٠ ئافرەت و هەزار منداڵ کە خێزانی چەکدارانی داعشن، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی بەغدا گواستراونەتەوە."
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خێزانی چەکدارانی داعش دەبێ رادەستی وڵاتەکانیان بکرێنەوە، هەڵبەت ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە راستەخۆ یارمەتیی داعشیان داوە.

کاوە جەم