Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، حکوومەتی بەغدا دەخاتە ژێر بەرپرسیارەتی دەستوورییەوە

 

هەولێر-KDP.info-  ئەمەریکا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی، بەردەوام جەخت لە دانوستانی نێوان حکووتەکانی بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای دەستوور دەکەنەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوالێدوانی لەوبارەیەوە داوە و وەک کەسانی سیاسی دەڵێن، بەغدا خراوەتە ژێر بەرپرسیارەتیی دەستوورییەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (رێک تیلەرسن) راگەیاندووە، پشتگیری لە نەهێشتنی ئاڵۆزییەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا بەپێی دەستووری عێراق دەکەن، "ئەو دەستوورەی هەرگیز بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە."
(رێک تیلەرسن) جەختی کردووتەوە "ئەگەر دەستووری عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، دەست دەخاتە سەر ژمارەیەک لە داوا و سکاڵاکانی گەلی کورد کە پێشتر هەیانبووە و هیواخوازین ئەو سیاسەتەش ببێتە هۆی یەکگرتووییی عێراق."

چاودێری سیاسی (ئازاد تۆفیق) پێی وایە، ئێستا لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی روون بووەتەوە کورد بە هۆی جێبەجێنەکردنی دەستوورەوە دەیەوێ لە عێراق جیا ببێتەوە، بۆیەش لەو قۆناغەدا پشتیوانیی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا "زۆر باش" بووە.
(ئازاد تۆفیق) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "داوای وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، یانی کارکردن بە ماددەی ١٤٠ کە ئەمەش بە لای کوردەوە زۆر گرینگە و دەستی بەغدایش لە پێشێلکاری بەرانبەر بە کورد دەبەستێتەوە."

سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بەردەوام رایگەیاندووە، دەستووری هەمیشەییی عێراق هیچ کات بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە، هەر بۆیەش پەنایان بۆ بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان بردووە.
فەرەنسا، ئەمەریکا، رووسیا و ئەڵمانیا ئەو وڵاتە زلهێزانەن بەردەوام باسیان لە جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری عێراق کردووەتەوە. (ئیمانوێل ماکرۆن) سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکوەزیران (نێچیرڤان بارزانی)ـدا، داوای جێبەجێکردنی هەموو ماددە دەستوورییەکانی عێراق و بەتایبەت مادەی ١٤٠ لەو دەستوورە کرد.

بەرپرسیارەتیی بەغدا
(ئەبوبەکر کاروانی) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پێی وایە ئەمەریکا بەو رادەیەی کار لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، بەو رادەیە گوشار بۆ جێبەجێکردنی تەواوی دەستوور ناخاتە سەر بەغدا.
هەڵبەت لەو لێدوانەیدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی جێبەجێکردنی تەواوی دەستوور و یەکگرتووییی عێراقەوە قسە دەکات، (کاروانی) بۆچوونێکی دیکەی هەیە و پێی وایە، ئەمە تا رادەیەک بەو مانایەیە "جێبەجێکردنی دەستوور زامنی یەکگرتووییی عێراقە."
(کاروانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێت، حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر ناتوانن کێشەکانیان چارە بکەن. ئەگەر دەستوور بە تەواوی جێبەجێ نەکرێت، کورد جارێکی دیکە پەنا بۆ سەربەخۆیی دەباتەوە، بۆیە دەبێ عێراقیش بەرپرسیارەتی لەوبارەیەوە وەربگرێت."

تا ئێستا ٥٥ ماددە لە دەستووری هەمیشەییی عێراق جێبەجێ نەکراون. ماددەی ١٤٠ کە تایبەتە بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەستەڵاتی فیدراڵی، بوودجە، نەوت و پێشمەرگە لە پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێرن و داوی تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر پەسەندکردنی ئەو دەستوورەدا، جێبەجێ نەکراوە.
کورد بۆ بەرێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، پەنای بۆ مادە دەستوورییەکانی عێراق برد. سەرووی ٩٢%ـی خەڵک لەو ریفراندۆمەدا دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەڵام دواجار دادگای باڵای فیدراڵی هەر بەپێی ئەو دەستوورەی کورد بۆ ریفراندۆمەکەی پشتی پێ بەستبوو، پرۆسەکەی بە نادەستووری ناو هێنا. شارەزایانی دەستووری و یاسایی پێیان وایە گەورەترین کێشەی دەستوور، "لاستیکی" بوونیەتی.

کاوە جەم