Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەیدەر عەبادی ئاسمانی هەرێمی کوردستانی فرۆشتووە

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی بەغدا (حەیدەر عەبادی) هەموو دەستەڵاتەکانی فرۆکەوانی لە وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی کابینەکەی ستاندووەتەوە و، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ئاسمانی هەرێمی کوردستانی فرۆشتووە.

زیاتر لە ٧٠ رۆژە فرگەکانی هەولێر و سلێمانی بە فەرمانی راستەوخۆی (حەیدەر عەبادی) بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا داخراون و تەنیا گەشتی ناوخۆیی لێ دەکرێت. سەرەڕای داخستنی فرگەکانی کوردستان، بەڵام ماوەیەکە ترافیکی گەشتی فرۆکەکان بە ئاسمانی هەرێمی کوردستانەوە بە روونی دیارە.
سەرچاوەیەک لە فرگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئاشکرای دەکات دوای نەمانی مەترسیی چەکدارانی داعش لە عێراقدا، ئێستا فرۆکەکانی وڵاتانی کەنداو بە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەرەو ئەورووپا گەشت دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە کە لەسەر داوای خۆی ناوی لای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزراوە، پێشتر ئەو فرۆکانە بەسەر ئاسمانی ئێراندا بەرەو ئەورووپا تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا رێگەکەیان گۆڕیوە و لە ئاسمانی بەسراوە دێنە ناو عێراق و لە ئاسمانی ئامێدییەوە، هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا و دواتر وڵاتانی ئەورووپایی جێ دەهێڵن.

حکوومەتی بەغدا لە بەرانبەر تێپەڕینی هەر فرۆکەیەک بەسەر ئاسمانی عێراقدا، باج وەردەگرێ و ئەگەر بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق هەڵسوکەوت بکات، دەبێ پشکی حکوومەتی هەرێم لەو باجە بدات.
ئەندامێکی لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکات تا ئێستا بەغدا هیچ بەشە باجێکی ئاسمانیی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەداوە.
(ئەمیرە کەریم) پەرلەمانتاری کورد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بە کۆمپانیایەکی بەریتانیایی فرۆشتووە، بەڵام هیچ کاتێک لەو گرێبەستەدا بەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نەداوە و نایدات."
ئەو پەرلەمانتارە بۆ پرسی فڕگەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق (کازم فنجان حەمامی) کردووە و ئەویش راگەیاندووە کە (حەیدەر عەبادی) بە بڕیارێک هەموو دەستەڵاتێکی فرۆکەوانی لێ ستاندووەتەوە و بۆیە تەنیا کەسێک کە ئێستا دەتوانێ بڕیار لەسەر فڕگەکانی هەولێر و بەغدا بدات، (حەیدەر عەبادی)یە.

کاوە جەم