Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە

هەولێر-KDP.info- راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان  لە پێشوازی باڵیۆزی ئەلمانیا لە عێراق رایگەیاند، بەغدا خۆی لە دانوستانەکان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانییەکانیش لەم رۆژانەدا دەرخەری ئەوەن کە دەسەلاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی رێکاری سەربازیی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەلاوە نەناوە.

ئەمرۆ 11-12-2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (سیریل نۆن) باڵیۆزی ئەلمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد. لەم دیدارەدا پێوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەلمانیا و دوا رەوشی دەڤەرەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.

لە پەیوەست بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی ئەلمانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتگیریی هەرچی زووتر دەست پێکردنی دانووستانەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپاتکردەوە گو وتی "هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی رەوشەکە لەم چەقبەستووییە دەربچێت و بە کردەوە دانوستانەکان دەست پێ بکات". باڵیۆزی ئەلمانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتوو و مافە دەستووریەکانی کوردستان لە عێراقدا دەکاتەوە.

(مەسروور بارزانی) وێڕای بەرزنرخاندنی رۆلی ئەڵمانیا لە پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان، جەختی لە سەر کاریگەریی رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی عێراق کردەوە و وتی "هەرێمی کوردستان خوازیارە هەڵەکانی رابردوو لە عێراقدا دووبارە نەکرێنەوە، چونکە ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و زەمینە بۆ گەشەکردنەوەی تیرۆر دەرەخسێنتەوە، ئەمەش کێشەی زیاتری بۆ ناوچەکە و کۆمەلگای نێودەولەتی لێ دەکەوێتەوە."

لە بارەی دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی "بەغدا خۆی لە دانوستانەکان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانییەکانیش لەم رۆژانەدا دەرخەری ئەوەن کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی رێکاری سەربازیی بۆ یەکلاکردنی کێشەکان بەلاوە نەناوە،  ئەمانەش ئاماژەی مەترسیدارن و هەرەشە لە سەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە دروست دەکات."

(مەسروور بارزانی) دەشڵێ، "هەرێمی کوردستان خوازیارە هەرچی زووتر دانوستانەکانی نێوان هەولێر بەغدا دەست پێ بکاتەوە و گوشار و ئابلوقەکانی سەر هەرێم لابدرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت."