Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەیدەر شەشۆ: داوا دەکەین شنگال رادەستی ئیدارەی خۆی بکرێتەوە

شنگال-KDP.info- سكرتێری پارتی دیموكراتی ئێزدی و فەرماندەی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزدیخان ڕایگەیاند، داوا دەكەن ئیدارەی شنگال ڕادەستی خەڵكی شنگال بكرێتەوە. شنگال قایمقام و ئیدارەی خۆی هەیە، نەك هەندێك كەس، كە سەر بە حەشدی شەعبین، ناوچەكە بەڕێوە ببەن بۆ ئەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بگەڕێنەوە ناوچەکە و كاری خۆیان بكەن و هاوكاریی خەڵكی ناوچەكە بكەن، لەگەڵ ئەوەی داوا دەكەن هەرچیی زووە ڕێگای نێوان شنگال و هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك و خورماتوو له‌ لایه‌ن حه‌شدی شەعبییه‌وه‌، ئه‌و هیزه‌ هاتنە نێو شنگال، ئەوەش وای كرد كە خەڵكی گەڕاوەی شنگال و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ر، كه‌ زیاتر له‌ 11 هه‌زار كه‌س گه‌ڕابوونه‌وه‌، دووبارە زوربه‌ی زوریان ئاوارەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ببنەوە، چونكە وەكو خۆیان دەڵێن، "حەشد و داعش هیچ جیاوازیەكیان نییە و هەمان ئەو تاوانانەی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ئەنجامی دا، حەشد دووبارەیان دەكاتەوە، كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵ و مڵكی هاووڵاتییاندا گرتووە و تاڵانیان دەكەن، بۆیە داوا دەكەن ئەو هێزە لە ناوچەكە نەمێنێت و هێزی پێشمەرگە، كە شنگالی ئازاد كرد، لە ناوچەكە بن و بەرگری لە ئێمە بكەن، ئەگەرنا ئێمە ئامادە نین بگەڕێینەوە."

)حەیدەر شەشۆ)، سكرتێری پارتی دیموكراتی ئێزدی و فەرماندەی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزدیخان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لە دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەكی نوێ دروست نەبووە، حەشدی شەعبی هەر لە ناوچەكەیە، بەتایبەتی لای باكووری شنگال، بە هۆی هاتنی ئەوان بۆ ناوچەكە هیچ خزمەتگوزارییەك بۆ خەڵكی ناوچەكە دابین ناكرێت، هیچ ڕێكخراوێك ئامادە نییە بچێتە ناوچەكە، هەتا ئەوان قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەكانیان داناوە، كە سەر بە حەشدی شەعبینە، بێ ئەوەی پرسیار بە خەڵكی شنگال بكەن، شنگال قایمقام و ئیدارە خۆی هەیە."

 

(شەشۆ) ڕوونیشی كردەوە: "داوا دەكەین هەرچی زووە ڕێگای نێوان شنگال و هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، چونكە خەڵكی ئێمە زیاتر لە 11 سەعات دەبڕن، تا دەگەنە دهۆك، ئەوەش كاتێكی زۆری پێ دەچێت، بۆیە هاتنی خەڵكی ئێمە بۆ كوردستان زۆر بەزەحمەت كەوتووە، بۆیە داوا دەكەین هەرچیی زووە ئەو ڕێگایە بكرێتەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن، لەگەڵ ئەوەی داوا دەكەین، هەرچی زووە بارودۆخەكە ئارام بێتەوە، ئیدارەی شنگال ڕادەستی خەڵكی شنگال بكرێت، بۆ ئەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بگەڕێنەوە ناوچە و كاری خۆیان بكەن".

 

ڕابین شێروانی