Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەتەوە یەكگرتووەكان، جەخت لە فراوانكردنی پێگەی سیاسیی ژنان دەكاتەوە

 

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەدا، نەتەوە یەكگرتووەكان جەخت لە فراوانكردنی پێگەی سیاسیی ژنان لە دەزگاكانی دەوڵەت، لەناو پارتە سیاسییەكان و لە ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەكاتەوە.

كۆبوونەوەكە لە ٤ـی ئەم مانگە لە هەولێر هاوبەشانە لە لایەن یونامی و ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە رێك خرابوو بە پێداگری لەسەر بەشداری و نوێنەرایەتیی ژنان لە ئاستەكانی دروستكردنی بڕیاردا. كۆبوونەوەكە هەروەها وەك پێداچوونەوەیەكیش بوو بۆ راسپاردەكانی "رۆژی كراوەی جیهانیی بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان" سەبارەت بە رۆڵی پارتە سیاسییەكان لە بەرەوپێشبردنی نوێنەرایەتیی ژنان و بەشداربوونیان لە پرۆسەی سیاسی و ئاشتی و هەڵبژاردندا.

كۆبوونەوەكە هاوسەرۆكانە لەلایەن (یان كوبیش)، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و خاتوو (پەخشان زەنگەنە)، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانەوە سەرپەرشتی دەكرا كە تێیدا هەر یەكە لە (فەلاح مستەفا)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و (عەدنان موفتی)، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان و سەرۆكی قەوارە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و ژنانی سەركردە ئامادە بوون.  

لەم بارەیەوە (پەخشان زەنگەنە) گوتی، "بەداخەوە رۆڵی ژنان لە سیاسەتدا لە پاشەكشەدایە و هەر بۆیە سەركردە سیاسییەكان پێویستە پابەندیی خۆیان نیشان بدەن و بوار بەشداربوونی پڕمانا بۆ ژنان لە دانوستانەكانی ئاشتیدا بە مەبەستی یەكخستنی وڵات بڕەخسێنن".

لای خۆشییەوە، (كوبیش) داوای لە سەركردە سیاسییەكان كرد بۆ داكۆكیكردن و پاراستنی بواری ئابوری و كۆمەڵایەتی و یاسایی ژنان بە مەبەستی پێشگرتن لەو گرفتانەی كە لە بەردەم  بەشداربوونی ژنان لە بواری سیاسیدا بەربەستن، نەخاسمە لە ئێستادا كە بەرەو هەڵبژاردنین. نوێنەرایەتیی ژنان لە كایە جۆراوجۆرەكاندا دەبێتە مایەی زیاتر بەهێزكردنی دەنگیان وەك رێنیشاندەرێك بۆ كاری پارتە سیاسییەكان و پەرلەمان و حكوومەت. ئەمەیش پێویستە بە هەنگاوی بەشدرایی ژنان لە ئاستەكانی سەركردایەتیی ناو پارتە سیاسییەكانەوە دەست پێ بكات".

یونامی درێژە بە هەوڵەكانی دەدات دژی هەر پاشەكشەیەك لە مافەكانی ژنان لە عیراقدا لە پێناو هاندانی سەركردە سیاسییەكان بۆ نكوڵینەكردن و فەرامۆشنەكردنی ئەو مافانەی كە دەستوور بۆ ژنانی دەستەبەر كردووە و، هەروەها ئەو یاسایەی ئێستایش سەبارەت بە دەسكاریكردنی یاسای باری كەسێتی لە بەغدا.

بەشداربووانیش ددانیان بەوەدا‌ نا كە بێبەشبوونی خێزانەكان و نەبوونی هێز و ئاییندەی ئابووری و توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەری بەرهەم دەهێنن. ئەوان داوای چاكسازیی سیاسی و یاسایی بەرفراوانیان دەكرد و لەگەڵ داواكردنیشیان بۆ هەمواركردنی یاسای پارتە سیاسییەكان بۆ دەستەبەركردنی نوێنەرایەتیی ژنان لە ئاستەكانی دروستكردنی بڕیاردا لەناو پارتە سیاسییەكاندا.
ئەوان هەروەها پێداگرییان لەسەر نوێنەرایەتیی كاریگەرانەی ژنانیش دەكردەوە لە دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدادا. جگە لەوە، داوای پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی گشتگریان دەكرد بۆ گەشەدان بە ژنان لەسەر هەموو ئاستەكاندا بە گرتنەخۆی كەمینەكانیشەوە لەگەڵ جەختكردنەوەیشیان لەسەر داواكانیان لە پێناو خێراكردنی پرۆسەی ئاشتەواییدا بۆ لێپێچینەوە و دادوەری بۆ ئەو تاوانانەی كە داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) ‌ دژی ژنان و كچان ئەنجامی داوە.

(كوبیش) جەختی لەسەر درێژەپێدانی پاڵپشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش كردەوە بۆ هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە پێناو بەرەوەپێشبردنی كارنامەی ژن و ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا، لەگەڵ پشتیگریكردنیشی لە جێبەجێكردنی "پلانی كارپێكردنی نیشتمانی"ـی پەیوەست بە بڕیاری ١٣٢٥ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە‌.

سەرچاوە: یۆنامی