Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە بۆ حەشدی شەعبی: "قەت شتی وا نەبووە"

 

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی (سەیەدولشوهەدا) دەداتەوە و ئاشکرای دەکات، کە لەسەر هیچ پێشنیازێک سەبارەت بە دوو خاڵی سنووری، رێكکەوتنی سەرەتایی نەکراوە.

(ئەبو وەلا وەلائی) ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی (سەیەدولشوهەدا) کە باڵێکی ناو هێزی حەشدی شەعبییە، راگەیاندووە کە (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمدواییانەدا نامەیەکی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ سەرەبازییەکان.
هەروەها (ئەبو وەلا وەلائی) لەبارەی خاڵی سنووری (ئیبراهیم خەلیل) و (پیشخابوور)ەوە رایگەیاندووە، "داوای ئیدارەی هاوبەشی ناسراو بە یەک بە سێ کراوە، واتە بوونی یه‌ك پێشمەرگە بەرانبەر بە سێ سەربازی عێراقی، بەڵام لایەنی عێراقی ئەوەی ڕەت کردووەتەوە."

(هەڵگورد حیکمەت) بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو قسانەی (ئەبو وەلا وەلائی) ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی (سەیەدولشوهەدا) رەت دەکاتەوە.
(هەڵگورد حیکمەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "قەت شتی وا نەبووە، حکوومەتی عێراق ئەوەی دەیکات بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردنە. رێگەچارەی کێشەکان، دانیشتنە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەک لێدوانی رۆژنامەوانی."

دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و لەشکرکێشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستان، دوو کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا کراون، بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجام بوونە.

(سەفین دزەیی) گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوێنێ (چوارشه‌ممه‌)، لەبارەی چەند پرسێکەوە كه‌ یەک لەوانە بابه‌تی دەروازە سنوورییەکانه‌، وەڵامی حکوومەتی بەغدای دایەوە.
(دزەیی) بە پشتبەستن بە ماددەی ١١٤ی دەستووری عێراق، رایگەیاند کە "به‌ڕێوه‌بردنى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌ ته‌نیا ده‌سته‌ڵاتى حكوومه‌تى فیدراڵ نییه‌، به‌ڵكوو به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌میشه‌ ڕامانگه‌یاندووه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌."

کاوە جەم