Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتی ئەلیكترۆنی لە ھەرێمی كوردستان راگەیەندرا

 
هەولێر-KDP.info- لە رێورەسمێكدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمانتاران و شاندێكی وڵاتی ئازربایجان، ئەمڕۆ پڕۆژەی حكوومەتی ئەلیكترۆنی لە ھەرێمی كوردستان راگەیەندرا، لە ھەنگاوی یەكەمیشدا پڕۆژەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەكرێت، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكوومەتی ئەلیكترۆنی كارەكان خێرا دەكات و تێچوو كەم دەكاتەوە.
 
(كەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆی حكوومه‌تی ھەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا بەبۆنەی دەستپێكردنی پڕۆژەی حكوومەتی ئەلیكترۆنی رایگەیاند، "گۆڕینی سیستمی كۆنی بەكارھێنانی كاغەز لە كاروباری حكوومەت بۆ حكومرانی ئەلیكترۆنی نوێ، بە مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە كوالیتی بەرزە بە ھاووڵاتیان، دەبێتە یەكێك لە كارە ھەرە لە پێشینەكانمان كە ئامانج لێی باشتركردنی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی كارەكانە لە وەزارەتی ناوخۆ".
 
(شنگالی) گوتیشی، "وەك ھەنگاوی یەكەم ئەو پڕۆژەیە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆی شارەكان جێبەجێ ده‌كرێت، بە ئامانجی جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی لە چوارساڵی ئایندەدا".
 
وەزیری ناوخۆی حكوومه‌تی ھەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئێستادا ڤیزا كراوە بە سیستمی ئەلیكترۆنی ئەمەش تەواوی كارەكانی خێراتر كردووە، كات و تێچووی بۆ داواكارانی ڤیزا و وەزارەتی ناوخۆ كەمكردووەتەوە، ھەروەھا بووەتە مایەی شەفافیەتی زیاتر، چونكە چاودێر و ھەڵسەنگاندن ئاسانتر بووە و تێچووی كەمبووەتەوە".